رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەری چارەسەری دەڵێ، هیوادارن ئەم پرۆسەیە بە زووترین کات و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، بەبێ ئەوەی تەگەرەی بۆ دروست بکرێت و لەلایەن بازنە تاریکەکانەوە تێکبدرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی تەمموزی 2025، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "سەرەتا بە دەستەبەرکردنی تورکیای بێ تیرۆر، پاشان ناوچەیەکی بێ تیرۆر، ئێمە رۆحی شەهیدەکانمان شاد دەکەین و نیشانی دەدەین کە قوربانییەکانیان بە فیڕۆ نەچووە. هیچ هەنگاوێک لە کار و چالاکییەکانی تورکیا بۆ نەهێشتنی تیرۆر نەنراوە و نانرێت، کە رۆحی شەهیدەکانمان ئازار بدات".
سەرۆککۆماری تورکیا باسی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کرد و گوتی: "لە کۆشکی کۆماری پێشوازیمان لە بەڕێزان پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار کرد. دیدارێکی بنیاتنەرانە و دڵسۆزانەمان کرد. لە رۆژانی داهاتوودا دەچینە قۆناخێکەوە کە هەواڵی ئەرێنی وەردەگرین. ئێمە هیوادارین پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، بەبێ ئەوەی رێگری تێبکەوێت و لەلایەن بازنە پیسەکانەوە تێکبدرێت".
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رۆژی دووشەممە، 7ی تەمموز، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و دوایین پێشهاتەکانیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا سەرجەم گەلانی تورکیا لە پرۆسەکە سوودمەند دەبن و گوتی: "سوودمەندەکانی تورک، کورد، عەرەب و هەموو تورکیا و دواتریش براکانمان لە ناوچەکە دەبن. ئێمە هەرچی دەکەین، بەم هەستیارییەوە دەیکەین." گوتیشی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا، مژدەیەکی مێژوویی بە گەلەکەمان دەدەین".
ئەو قسانەی ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کە لە ساڵی 1999وە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالییە، دوای نزیکەی 27 ساڵ پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە.
ئۆجەلان لە پەیامەکەدا پێداگری لەسەر بانگەوازەکەی 27 ـی شوباتی ئەم ساڵ کرد، کە تێیدا داوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی لە پەکەکە کرد و دەڵێ، ئەو بانگەوازەی بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و بنیادنانی كۆمهڵگهی دیموكراسی کردووە.
پەکەکە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، لە 12ـی ئایاردا رایگەیاند، 12یەمین کۆنگرەی خۆی سازداوە و لە چوارچێوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کۆنگرەی 12 و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە وهڵامێكی مێژوویی له قهڵهم دەدات و بانگەشەی ئەوە دەکات، مانیفێستۆیهكی كۆمهڵگهی دیموكراسی ئامادهكردووە و دەڵێت: "دهبێت به وهرچهرخانێكی مێژوویی هەژمار بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ