باخچەلی داوای هاوپەیمانێتیی تورکیا، رووسیا و چین دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رەسەن رەمزی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەیەکی رووسیا دەڵێ، لەسەر راسپاردەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە چووە رووسیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هاوپەیمانێتیی تورکیا، رووسیا و چین.
 
ئیلیاس تۆپسەکاڵ، جێگری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند: "لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ، باخچەلی ئەرکێکی پێ سپاردم، رەوانەی مۆسکۆ کرام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی سیاسی و دەسەڵاتدارانی دەوڵەت لە رووسیا لەسەر هاوپەیمانێتیی پێشنیازکراو لەنێوان تورکیا-رووسیا-چین دژی 'هاوپەیمانیی خراپەکاری ئەمریکا و ئیسرائیل".
 
تۆپسەکاڵ ئاماژەی بەوەشکرد، مەرجی نافەرمی مەهەپە بۆ پاراستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) پێش هەڵبژاردنەکانی 2028 "پۆستی وەزاری نییە، بەڵکو پەسندکردنی پرۆگرامێکە بۆ هاوئاهەنگی و هاوپەیمانێتی تورکیا لەگەڵ رووسیا و چین".
 
تۆپسەکاڵ ئەو دەستپێشخەرییەی بە دروستکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان رێکخراوە هاوبەشەکانی نێوان رووسیا، تورکیا و چین ناوبرد، لەوانە کۆمۆنوێڵسی دەوڵەتانی سەربەخۆ (CIS)، رێکخراوی هاوکاریی شانگەهای، رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ و رێکخراوی دەوڵەتانی تورک -پاڵپشتیکراوی تورکیا کە وڵاتانی (تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان، قیرگزستان و ئۆزبەکستان) لەخۆدەگرێت.
 
تۆپسەکاڵ ئاماژە بەوە دەکات، هێزی ئابووریی یەکگرتووی ئەم وڵاتانە نزیکەی 20%ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی جیهانی پێکدەهێنێت.
 
تۆپسەکاڵ رایگەیاند، مەهەپە ئێستا کار بۆ "هاوئاهەنگی جیهانی رووسیا و جیهانی تورک" دەکات لە سەرانسەری جوگرافیای سۆڤیەتی پێشوو. 
 
باخچەلی لە ئەیلولی 2025یش داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەنێوان تورکیا و رووسیا و چین کرد  دژی ئەو هاوپەیمانێتییەی کە بە 'هاوپەیمانیی خراپەکاری ئەمریکا و ئیسرائیل' ناوی برد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە