هاکان فیدان: رەنگە ئاگربەست بۆ 40 رۆژی دیکە درێژبکرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، سەرەڕای هەڵوێستە تووندەکانیان، ئەمریکا و ئێران لە پرسی ئاگربەست رژدن و ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ 40 رۆژی دیکە هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات کە بەریتانیا و فەرەنسا پێشنیازی ناردنی هێزێکی نێودەوڵەتییان بۆ تەنگەی هورمز کردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئێران و ئەمریکا بە هەڵوێستی تووندەوە دەستیان بە دانوستاندنەکان کرد، بەڵام هەردوولا لەسەر ئاگربەست رژدن. 
 
"پێموایە ئەمریکا و ئێران لە پرسی ئەتۆم و یۆرانیۆم ناگەنە ئەنجام"
 
هاکان فیدان گوتیشی: "بەمنزیکانە وەڵامی یەکدی دەدەنەوە و رەنگە گەڕێکی دیکەی دانوستاندن دەستپێبکات. ئەگەر لایەنەکان نەرمی بنوێنن، رەنگە ئاگربەست بۆ 40 رۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە." بەڵام فیدان پێیوایە لە بابەتی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم ناگەنە ئەنجام.
 
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە کە ناکرێت تەنگەکە بە داخراوی بمێنێتەوە و وڵاتێک باج بەسەر کەشتیوانیدا بسەپێنێت. 
 
پێشنیازی هێزی نێودەوڵەتی بۆ تەنگەی هورمز و قبووڵکردنی لەلایەن ترەمپەوە
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد، بەریتانیا و فەرەنسا پێشنیازی ناردنی هێزێکی نێودەوڵەتییان بۆ تەنگەی هورمز کردووە بۆ پاراستنی بازرگانیی دەریایی و هەناردەی نەوت و گاز. 
 
فیدان دەڵێت: "ترەمپ ئەم پێشنیازە پەسند دەکات، بەڵام ئەورووپا و وڵاتانی دیکە نایانەوێت ببنە بەشێک لەم جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتی هەیە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بەهۆی کاریگەرییە گەورەکانی لەسەر ئابووریی جیهان. "ئەم قەیرانە دەبێت چارەسەر بکرێت، جا چ ئاگربەست بکرێت یان جەنگ بەردەوام بێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فیدان رەخنەی لە رەفتارەکانی ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، تەلئەڤیڤ سەرخان و ژێرخانی باشووری لوبنانی کردووەتە ئامانج و یەک ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە. 
 
هۆشداریشی دا کە ئیسرائیل دەیەوێت هەمان کار لە سووریا بکات، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تورکیا. گوتیشی: "ئیسرائیل بە پاساوی ئاسایشی نیشتمانی، خاکی وڵاتان داگیر دەکات و پاوانخوازی دەکات."
سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆیی لوبنان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای لوبنان توانای چەکداماڵینی حیزبوڵڵای نییە، بۆیە هەمیشە رووبەڕووی کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە لوبنان بەشێک بوو لە دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا، بەڵام نەتەنیاهوو شکستی بەو هەوڵە هێنا و ئەمریکاش بێدەنگ بوو.
 
نوێ دەکرێتەوە..

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی

ئاکپارتی: کوردی عێراق و ئێران گوێیان بە بانگەوازی ئیسرائیل نەداوە

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان ئاکپارتی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە تووندی وەڵامی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەی دایەوە کە دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان قسەیان کردبوو.