رووداو دیجیتاڵ
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد)، دوایین راپۆرتی خۆی لەبارەی ناوچە مەترسیدارەکانی ئیستەنبووڵ ئاشکراکرد لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزە لەو شارەدا و دەشڵێت، زۆرترین زیانی گیانی و ماددی لە چەند ناوچەیەک دەکەوێتەوە.
لە راپۆرتەکەی دەزگای ئافاد دا هاتووە؛ ناوچەکانی باکڕکۆی، باهچەلی ئێڤلەر، کوچوک چەکمەجە، ئەسەنلەر، باشاکشەهیر، ئەسەنیورت، ئاڤجیلار، بەیلیکدوزو، بویوک چەکمەجە، توزڵا، پەندیک، ماڵتەپە، سوڵتانبەیلی، ئوسکودار و فاتیح، مەترسیدارترین ناوچەن لە کاتی روودانی بوومەلەرزەدا.
سەرجەم زاناکانی جیۆفیزیک و بوومەلەرزەزانەکانی تورکیا و جیهان کۆکن لەسەر ئەوەی لە ساڵانی نێوان 2024-2029دا بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.6-7.7 پلەی رێختەر ئیستەنبووڵ دەهەژێنێت.
تەنانەت، پرۆفیسۆر دکتۆر جەلال شەنگور کە زانایەکی زۆر بەناوبانگی جیۆفیزیک و بوومەلەرزەزانیی تورکیایە، رۆژی 10ـی ئەیلوولی 2023 لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەڤزیۆنیدا ئاشکرایکرد، ئیستەنبووڵی جێهێشتووە و ماڵی چۆڵکردووە، بەهۆی ئەوەی وادەی روودانی بوومەلەرزەکەی ئیستەنبووڵ زۆر نزیک بووەتەوە.
رۆژی 13ـی ئابی 2023، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانە گیانی و مادییەکانی بوومەلەرزە چاوەڕوانکراوەکەی ئیستەنبووڵ، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا بە ئەرکدارکردنی 39 پارێزگار بۆ هەر 39 شارۆچکەکەی ئیستەنبووڵ. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی ژووری قەیرانەکانی ئیستەنبووڵە کە بە هاوئاهەنگیی تەواوی دامەزراوەکانی حکومەت و دەزگای ئافاد و مانگی سووری تورکی دەکرێت.
ئەم پارێزگارانە بەدواداچوون دەکەن بۆ کاری نۆژەنکردنەوە و تۆکمەکردنی ئەو باڵەخانانەی بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە مەترسی رووخانیان لەسەرە، لەگەڵ پلانی پاراستنی هاووڵاتییان لە سنووری شارۆچکەکانیان و دابینکردنی خواردن، خواردنەوە، کارەبا و سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانە و لەبەرچاوگرتنی وردترین ئەگەرەکان.
بەگوێرەی پلانی ژووری قەیرانەکانی ئیستەنبووڵ، ژمارەی گۆڕەپانی گردبوونەوەی هاووڵاتییان لە شوێنە پارێزراوەکاندا لە 2864 گۆڕەپان بۆ 5578 گۆڕەپان زیادکرا و هەر کەسێک لەم گۆڕەپانانەدا سێ مەتری حەوانەوەی بۆ دابینکراوە.
لە پلانەکەدا دەزگای ئافاد 322 هەزار و 557 کارمەندی رزگارکردن و فریاکەوتنی هاووڵاتییان بۆ دەرهێنانیان لەژێر داروپەردووەکاندا ئەرکدارکردووە و لە ئامادەباشیدان و بەسەر 545 بنکە دابەشکراون و سەرجەم ئامێرە پێویستەکانیشیان بۆ دابینکراوە.
رۆژی 10ی شوباتی 2023، دەزگای بوومەلەرزەزانی و توێژینەوە جیۆلۆجییەکانی سەر بە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، نەخشەی ناوچە مەترسیدارەکانی ئیستەنبووڵ بڵاوکردەوە و تێیدا خراپترین سیناریۆی ئەگەری سەرهەڵدانی بوومەلەرزەی بڵاوکردەوە.
زانایان و ئەکادەمییەکان، کاریگەرییەکانی ئەگەری بوومەلەرزەکانی ئیستەنبووڵ بەسەر سێ خاڵ پۆلینکردووە، کە بەمشێوەیەن:-
- کەمترین زیان: پەندیک (ئاسیا)، کادیکۆی (ئاسیا)، کارتاڵ (ئاسیا)، ئومرانییە (ئاسیا)، شیلە (ئاسیا)، ئوسکودار (ئاسیا)، داریجا (ئاسیا)، ئەرەنکۆی (ئاسیا)، چەنگەل کۆی (ئاسیا)، سوادییە (ئاسیا)، ئاڵتونیزادە (ئاسیا)، پۆڵۆنێزکۆی (ئاسیا)، ئەمینۆنو (ئەوروپا)، رومەلیهیسار (ئەوروپا)، دوورگەکان (ئاسیا)، بێشیکتاش (ئەوروپا)، ئیچەرەنکۆی (ئاسیا)، سارییەر (ئەوروپا)، نیشانتاشی (ئەوروپا)، ئیستینیە (ئەوروپا)، گولتەپە (ئەوروپا)، کاغتهانە (ئەوروپا)، تەقسیم (ئەوروپا)، ئارناڤوتکۆی (ئەوروپا)، شیشلی (ئەوروپا) و لەڤەنت (ئەوروپا).
- زیانی مامناوەند: دۆڵی ئوسکودار (ئاسیا)، دۆڵی تەڕابیا (ئەوروپا)، تۆپهانە (ئەوروپا)، دۆڵی چاییرباشی (ئەوروپا)، دۆڵی ئۆرتاکۆی (ئەوروپا)، کوڕباغاڵیدەرە (ئاسیا)، ئالیبەیکۆی (ئەوروپا)، مۆداساهیلی (ئاسیا)، سیلیڤری (ئەوروپا)، فاتیح (ئەوروپا)، گوموشکایا (ئەوروپا) و تۆپکاپی (ئەوروپا).
- زیانی زۆر: زەیتوونبوڕنو (ئەوروپا)، کوچوک چەکمەجە (ئەوروپا)، فلۆریا (ئەوروپا)، ئەسەنکێنت (ئەوروپا)، ئەسەنیورت (ئەوروپا)، ئیسپارتاکولە (ئەوروپا)، ئامبارلی (ئەوروپا)، ئاڤجیڵار (ئەوروپا) و هارامیدەرە (ئەوروپا).
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لە ئیستەنبووڵ ملیۆنێک و 528 هەزار و 782 باڵەخانە هەیە، لەنێویاندا 10.4٪ی باڵەخانەکان لە نێوان 1978-1980 دروستکراون، 36.8٪ی باڵەخانەکان لە نێوان 1981-2000 دروستکراون و 45.7٪یشیان لەنێوان 2001-2022 دروستکراون.
هەروەها 2٪ی باڵەخانەکان یەک نهۆمین، 4٪ی باڵەخانەکان دوو نهۆمین، 6٪ی باڵەخانەکان سێ نهۆمین، 10٪ی باڵەخانەکان چوار نهۆمین، 22٪ی باڵەخانەکان پێنج نهۆمین و 55٪ی باڵەخانەکانیش شەش نهۆمی و سەرووترن.
هاوکات بەهۆی ئەم توێژینەوەیەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، خانووە کۆنەکانی ناوچەکانی باغجیلار، زەیتوونبوڕنو، کوچوک چەکمەجە، پەندیک و ئومرانییە کە لە ریزبەندی ناوچە هەرە مەترسیدارەکانی بوومەلەرزەدایە و تێکڕای بەهای خانووە کۆنەکان بەڕێژەی نێوان 45-55٪ داشکاون.
بەپێچەوانەی ئەمانەشەوە، زۆربەی دانیشتووانی ئیستەنبووڵ روو لەو ناوچانە دەکەن کە کەمترین مەترسیی بوومەلەرزەی هەیە و نوێترین شوقەی باڵەخانەکان دەکڕن و بەکرێ دەگرن، ئەمەش وایکردووە نرخی شوقە و یەکە نیشتەجێبووە نوێیەکان بەتایبەت ئەوانەی لەنێوان 2020-2023 دروستکراون بەشێوەیەکی زۆر روو لە هەڵکشان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ