رووداو دیجیتاڵ
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو.
نێوەڕۆکی راپۆرتەکەی مەهەپە رۆژی یەکشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2025 لە میدیاکانی تورکیا بڵاوکرایەوە.
ناوی راپۆرتە 120 لاپەڕەییەکەی مەهەپە (تورکیای بێ تیرۆر)ە و تێیدا پێشنیازی پلانێکی سێ قۆناخی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و تێکەڵکردنەوەی ئەندامەکانی بە کۆمەڵگە کراوە.
ئەو سێ قۆناخە بریتین لە وازهێنانی تەواوی لە چەک، خۆڕادەستکردنی ئەندامانی پەکەکە بە دەسەڵاتی دادوەری بۆ کاری فەرمی و پرۆسەی تێکەڵکردنەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پێویستە پرۆسەکە تەنیا بە ئەندامانی نێوخۆی تورکیا سنووردار نەبێ و ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە لە دەرەوەی وڵاتن یان ئەندامی پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی دیکەن.
بە پێی راپۆرتەکە، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەکەن و دەڵێن "واز لە رێکخراوەکە دەهێنین" و بەشدارییان لە هیچ کردەوەیەکی "تاوانکاری"دا نەکردووە، سزا نادرێن.
هەروەها ئەو کەسەی سوود لە (پەشیمانیی کاریگەر) وەردەگرێ، بۆ ئەوەی کێشەی گونجانی لەگەڵ کۆمەڵگەدا نەبێ، بۆ ماوەی یەک ساڵ دەخرێتە ژێر چاودێریی ئازادیی مەرجدارەوە و ئەگەر پێویست بکات، ئەو ماوەیە دەکرێت تاوەکو سێ ساڵ درێژبکرێتەوە و تێدا هاتووە، "ئەگەر ئەندامێکی رێکخراوەکە ئازادیش بکرێ، (ساڵی یەکەم - تاوەکو ئەوپەڕی سێ ساڵ) لەژێر چاودێریدا دەهێڵدرێتەوە."
بۆ رێکخستنە یاساییەکان لە راپۆرتەکەدا ئەم دەستەواژانە بەکارهێندراون، "پێویستە دۆخی مەیدانی (ڕادەستکردن و لەناوبردنی تەواوەتیی چەکەکان) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە دەستنیشان بکرێ و لەسەر بنەمای ئەو دەستنیشانکردنە، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی ئەو ئەندامانەی رێکخراوەکە کە خۆیان رادەست کردووە، کۆتاییهاتنی بوونی کردەیی رێکخراوەکە رابگەیێندرێت."
بە ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و یەکسانی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهیندراوە، پرۆسەی چارەسەری دەچێتە قۆناخێکی نوێ.
هەمان رۆژ نێوەڕۆکی راپۆرتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە میدیاکانی تورکیادا بڵاوکراوە، بەڵام تائێستا ئاکپارتی و جەهەپە راپۆرتەکانی خۆیان پێشکێش نەکردووە.
سەرۆکی جەهەپە دەڵێ، ئەگەر ئاکپارتی بیەوێ کاتی پێشکێشکردنی راپۆرتەکەی درێژ بکاتەوە، ئەوانیش بەپێی ئەوە راپۆرتەکەیان پێشکێشی کۆمیسیۆنەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ