رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رایگەیاند، لە ئیستەنبووڵ و 11 پارێزگای باکووری کوردستان 15 هەزار مامۆستا دادەمەزرێنێن؛ بەڵام ئامەد لە لیستەکەدا نییە.
وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانیی تورکیا رێنمایی لەبارەی دامەزراندنی 15 هەزار مامۆستا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی رێنماییەکان، زۆربەی دامەزراندنەکە لە باکووری کوردستانە.
داواکارانی دامەزراندن دەتوانن رۆژانی 17 تاوەکو 21ـی تشرینی دووەمی 2025 فۆرم پڕ بکەنەوە. هەرکەسێک مافی پڕکردنەوەی 40 قوتابخانەی هەیە و دوای هەڵسەنگاندن ئەگەر بە شایستەی دامەزران بزانرێت، لە یەکێک لەو قوتابخانانەدا دەستبەکار دەبێت.
ئەنجامەکانی دامەزراندن رۆژی 24ی تشرینی دووەم، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی مامۆستایان، رادەگەیێندرێن.
بڕیارە مامۆستا دامەزراوەکان، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی ئەمنیی و ئەستۆپاکی، رۆژی 19ی کانوونی دووەمی 2026 دەست بەکار بن.
ئامەد لەنێو 12 پارێزگاکەدا نییە
هەرچەندە ئەمە مژدەیەکی خۆشە بۆ هاونیشتمانییان، بەڵام نەبوونی ئامەد لە لیستەکەدا بووەتە جێی سەرنج و ناڕەزایی.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، دامەزراندنەکان لە 12 پارێزگا دەبن، کە کێشەی کەمیی مامۆستایان تێدایە. ئەو پارێزگایانەش بریتین لە ئاگری، ئەردەخان، بەدلیس، جۆلەمێرگ، ئیدر، ئیستەنبووڵ، قەرس، مووش، سێرت، رووها، شرنەخ و وان.
کۆمەڵەکانی پەروەردەی ئامەد دەڵێن، شارەکەیان ناوەندێکی گرنگی پەروەردەییە و لە لیستەکەدا نییە.
ئامەد بەتایبەتی لە بوارەکانی باخچەی ساوایان، پەروەردەی تایبەت، بیرکاری و زمانی ئینگلیزیدا کێشەی کەمیی مامۆستای هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ