رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەردا هەریەک لە هونەرمەندانی ناسراوی تورکیا؛ ئالەینا تیلکی، دانڵا بیلیچ و موئمینە سەننا یڵدز دەستگیرکران.
ئۆپەراسیۆنەکە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-12-2025 لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو.
بڕیاری دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە هونەرمەندان، مەلیسا دۆنگەل، یوسف گونەی و جیهان شەنسۆزلو دەرکراوە. هێزەکانی فەرماندەیی جەندرمە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو هونەرمەندانەش، بەڵام لە شوێنی مانەوەی خۆیان نەبوون.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند: "بەگوێرەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی ژمارە 2025/219794ـی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، گومانی دروست هەیە کە ئەو کەسایەتییە ناودارانە، ماددەی هۆشبەر و کارتێکەری عەقڵیان بەکارهێناوە".
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاژێر 7ی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمە هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند ناونیشانێک لە سارییەر، ئەیوب، شیشلی، ئوسکودار، باکرکۆی و ئەسەنیوڕت لە ئیستەنبووڵ".
هەر بەگوێرەی راپۆرتی داواکاری گشتی، تیمەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی گومانلێکراو موئمینە سەننا یڵدز دا 5 گرام ماددەی هۆشبەر (حەشیش) و ئامێری وردکردنی حەشیش دەستی بەسەردا گیراوە.
هەریەک لە ئالەینا تیلکی، دانڵا بیلیچ و موئمینە سەننا دەستگیرکران و گواسترانەوە بۆ خانەی داد. هەروەها هەوڵی تیمەکان بۆ دەستگیرکردنی مەلیسا دۆنگەل، یوسف گونەی و جیهان شەنسۆزلو بەردەوامە.
ماوەی نزیکەی دوو مانگە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئەو هونەرمەندانەی گومانی بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە مادەی هۆشبەریان لێ دەکرێت، بەردەوامە. زیاتر لە 50 هونەرمەند دەستگیرکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە و ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ