رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا بەبۆنەی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری سەرەخۆشی لە خەڵکی ئێران دەکات و، دەڵێ "لەم کاتە سەخت و خەمناکەدا'' لە پاڵ ئێرانی دراوسێیان دەوەستن.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، ئەمڕۆ (دووشەممە 20-5-2024) لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی "نزا دەکەم خوای گەورە رەحم بە هاوکاری ئازیز و براکەم، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێز ئیبراهیم رەئیسی بکات، کە بەداخەوە زانیمان بە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەر کۆچی دوایی کرد."
هەروەها دەڵێ "هیوای سۆز و بەزەیی خودا بۆ وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەوانی دیکە دەخوازم، کە لە هەمان هەلیکۆپتەردا وەک سەرۆکی کۆچکردوو گیانیان لەدەستدا."
سەرۆککۆماری تورکیا پرسە و سەرەخۆشی لە تەواوی خەڵکی ئێران کرد و نووسی "پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم بۆ گەل و حکومەتی دۆست و برای ئێران و بەتایبەتی رێبەری ئایینی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێز عەلی خامنەیی و بنەماڵەی رێبەری بەڕێزیان و خەڵکی دیکەی کۆچکردوو دەردەبڕم. وەک هاوپیشەیەک کە خۆم شایەتی هەوڵەکانی بۆ ئاشتیی گەلی ئێران و ناوچەکەمان بووم لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەدا، بە رێزەوە یادی بەڕێز رەئیسی دەکەمەوە."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، وەک تورکیا لەم کاتە سەخت و خەمناکەدا لە پاڵ ئێرانی دراوسێیان دەوەستن، "وەک چۆن چەندینجار کردوومانە."
20ـی ئایار بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران گیانلەدەستدانى ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى ئێران و حەوت سەرنشینى دیکەى ئەو هێلیکۆپتەرەیان راگەیاند، کە 19ـی ئایار تێکشکا.
هێلکۆپتەرەکەى سەرۆککۆمار لە کاتى گەڕانەوەیدا لە پارێزگاى ئازەربایجانى رۆژهەڵات بەرە و شارى تەورێز، تێکشکا و دواى زیاتر لە 16 کاژێر گەڕان دۆزرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ