فوئاد عەونی؛ سیخوڕەکەی کۆشک پێشبینی كودەتاكەی كردبوو

22-07-2016
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن ئەردۆغان فوئاد عەونی
A+ A-

رووداو - ئیستەنبوڵ

میدیاکانی تورکیا دەستگیرکردنی فوئاد عەونی، کە بە سیخوڕەکەی کۆشک ناسراوە راگەیاند. بەڵام خودی عەونی لەڕێگەی پێگەکەیەوە لە توویتەر رەتیکردەوە، دەستگیر کرابێت.

فوئاد عەونی، ئەو پێگەی توویتەرەی، کە لەدوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان گولەن و ئەردۆغانەوە كردوویەتییەوە و زانیاریی زۆر وردی نهێنی لەبارەی سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەتی تورکیاوە بڵاو دەکاتەوە و زیاد لە سێ‌ ملیۆن فۆلۆوەری هەیە.

ئەم پێگەیەی توویتەر، کە تاوەكو ئێستاش نازانرێت لەلایەن کێ بەڕێوە دەبرێت، لە مانگی 10ی 2014دا دامەزراوە. تورکیا چەندین جار داوای لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر کردووە بۆ ئەوەی ناونیشانی پێگەکە ئاشکرا بکات، بەڵام وەڵامێکی ئەرێنی دەستنەکەوتووە.

فوئاد عەونی، لەڕێگەی پێگەکەیەوە سەتان زانیاریی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە بڵاوکردەوە، کە بە رێژەیەکی بەرچاوە وەک ئەوەی نوسیبوونی لە چەند رۆژێکدا روویدا. بۆ نموونە، چەندرۆژێک بەر لە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە کۆتایی 2014ـدا عەونی زانیاریی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکان و گرتنی کارمەندەکانەوە بڵاوکردەوە.

بابەتێکی دیکە کە پێشوەختە فوئاد عەونی بڵاوی کردەوە و تورکیای هەژاند، دەستلەکارکێشانەوەی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بوو، کە بە مانگێک پێشتر بڵاوی کردبووەوە.

یەکێکی دیکە لەو بابەتە سەرنجڕاکێشانەی کە فوئاد عەونی باسی کردبوو، ترسی ئەردۆغان بوو لە بۆردومانکردنی کۆشکەکەی لە شەوی هەوڵی کودەتاکەدا. راست دەرچوونی ئەو پێشبینییەش بەئاشکرا بەدیکرا.

تورکیا چەندین جار دەستی تۆمەتی بۆ توویتەر و بزووتنەوەی خزمەت بە رێبەرایەتی فەتحوڵڵا گولەن راکێشاوە کە بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی ئەو پێگە بەنێوبانگە نهێنییەی توویتەر، بەڵام نە توویتەر ئامادە بوو زانیاریی لەسەر ناونیشانی ئەو پێگە بدات بە تورکیا، نە بزوتنەوەکەی گولەنیش بەرپرسیارێتیان راگەیاند.

دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەممووز، کە تورکیا دەستی کردووە بە رەشبگیریی و لەسەرکارلادانی کارمەندی سەرجەم دامودەزگاکانی، پۆلیسی ئیستەنبوڵ لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستگیرکردنی کارمەندێکی نووسینگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەناوی عاکیف مستەفا راگەیاند، کە گوایە بەکارهێنەری توویتەرەکەیە، بەڵام عەونی لەڕێگەی پێگەکەیەوە لە توویتەر هەواڵەکەی رەتکردەوە و هێرشیکردە سەر ئەردۆغان و گوتی "جارێکی دیکەش دەستگیریان کردم. هەرکاتێک حساباتم لەگەڵ نارسیست کۆتایی هات، خۆم ئەم پێگەیە دادەخەم".

عەونی لە دوای هەواڵی دەستگیرکردنی زیاتر دەڵێت "پێتان ناڵێم مەترسە یاخود مەلەرزە، چونکە هەم دەترسیت هەم دەلەرزیت".

برای ئەو کەسەش کە گیراوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، براکەی کراوە بە قوربانی و پێشتر چەندین جار زانیاریی داوە بە دەسەڵاتدارانی تورکیا لەبارەی فوئاد عەونییەوە بەڵام کەس گوێی لێنەگرتووە و داوای لە داودئۆغڵو کرد کە بێدەنگ نەبێت بەرامبەر بە گرتنی یەکێک لە کارمەندەکانی. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە