رووداو دیجیتاڵ
گۆڤاری فۆربس لە نوێترین راپۆرتیدا "خراپترین شارەکان بۆ ژیان"ی لەسەر ئاستی تورکیای بڵاوکردەوە. زۆربەی ئەو شارانەی لە ریزبەندییەکەدا هاتوون، دەکەونە باکووری کوردستان. شاری مووش لە پلەی یەکەمی لیستی "خراپترینەکان" دێت و دوای ئەویش شرنەخ، جۆلەمێرگ و سێرت دێن.
فۆربس لە هەڵسەنگاندنەکەیدا پشتی بە 94 پێوەر بەستووە، لەوانە پەروەردە، تەندروستی، ئابووری، گواستنەوە، توانای وەبەرهێنان، داهێنان و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان و لەسەر ئەو بنچینەیە پۆلینبەندییەکی بۆ "شیاوی ژیان" لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ئامادە کردووە. لە کۆی 81 شارە، خراپترین شارەکان بۆ ژیان دیاریکراون. ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر لە پێشەنگی باشترین شارەکاندان.
بەپێی ریزبەندییەکە، شاری مووش لە پارێزگای مووشی باکووری کوردستان بە کۆکردنەوەی 29.71 خاڵ لە پلەی یەکەمی ئەو پارێزگایانەدایە کە بۆ ژیان گونجاو نین. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە لەنێو لیستی 10 خراپترین شارەکەدا 9 شاریان دەکەونە باکووری کوردستان و تەنیا یەک شاری تورکیا کە ئەویش (یۆزگات)ە لە پلەی نۆیەمدا هاتووە.
لیستی ئەو 10 شارەی بەپێی فۆربس بۆ ژیان "خراپترینن":
1- مووش: 29.71 خاڵ
2- شرنەخ: 30.45 خاڵ
3- جۆلەمێرگ: 30.94 خاڵ
4- سێرت: 31.57 خاڵ
5- بەدلیس: 31.85 خاڵ
6- ئاگری: 32.44 خاڵ
7- ئیدر: 33.86 خاڵ
8- ئەردەخان: 33.96 خاڵ
9- یۆزگات: 34.28 خاڵ (تورکیا)
10- وان: 35.51 خاڵ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ