ئەردۆغان دەڵێت، پرۆسەی چارەسەری بۆ جەهەپە سڕینەوەی گوناهەکانی رابردوویانە

28-07-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەباسی پرۆسەی چارەسەریدا رووی دەمی کردە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و رایگەیاند، پرۆسەکە دەرفەتێکە و دەکرێ ببێتە هۆکاری سڕینەوەی گوناهەکانی رابردوویان.
 
لەدوای کۆبوونەوەی وەزیرانی تورکیا کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 28-7-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا باسی لە تێڕوانینی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری کرد.
 
جەهەپە تائێستا دژایەتیی خۆی بۆ پرۆسەی چارەسەری نیشان نەداوە، بەڵام رەخنەی لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و رێکارەکان هەیە.
 
ئەردۆغان هۆشداریی لە هەوڵی تێکدەرانە دا و گوتی: "لە سیاسەتدا زۆر شت رووداوی لێدەکەوێتەوە، بەڵام لەم بابەتەدا هیچ بیانووێک نییە بۆ ئەوەی نکوڵی بکرێت، کارەکە سەخت بکرێت و تێکبدرێت، چونکە گەل و مێژووش لەمە خۆش نابن".
 
ئەردۆغان هەروەها رووی دەمی لە جەهەپە کرد و لەبارەی پرۆسەکە گوتی: "بەتایبەتی بۆ پارتی ئۆپۆزیسیۆنی دایک (جەهەپە) دەرفەتێکی ناوازەیە کە دەکرێ ببێتە هۆی سڕینەوەی گوناهەکانی رابردوویان. قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە ئەگەر کەمێکیش بێت، دەبێتە هۆی قەرەبووکردنەوەی هەڵەکانی پێشوو".
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، گەلی تورکیاش چاوەڕێ دەکات جەهەپە بە دیدگەیەکی بەرفراوانەوە لە پرۆسەکە بڕوانێت و لە پێگەیەکی مێژوویی دروست بوەستێت. هاوکات دەڵێت، دامەزراوە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ئەو پێگەیشتنەی لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک، تێڕوانینە جیاوازەکانیان بۆ ماوەیەک وەلابنێن؛ لە زەمینەیەکی هاوبەشدا لەڕێی دیالۆگەوە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان بدەن.
 
جەهەپە بەشداری لە لیژنەی پرۆسەی چارەسەردا دەکات
 
جەهەپە بڕیاریداوە بەشداری لەو لیژنەیەی پەرلەمان بکات کە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی چارەسەر پێکدەهێندرێت.
 
دەنیز یوجەل، گوتەبێژی جەهەپە رۆژی دووشەممە 28-7-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هەڵوێستی پارتەکەی سەبارەت بە کۆمسیۆنەکەی پەرلەمان روونکردەوە و گوتی: "وەک جەهەپە، ناکرێت بەشداری لە لیژنەیەکدا نەکەین کە خۆمان پێشنیازمان کردووە. بێگومان بەشداری دەکەین".
 
گوتەبێژی جەهەپە، تێبینی خۆی لەسەر پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە دا و گوتی: "ئێمە نابینە بەشێک لە تێگەیشتنێک کە بڵێت ئێمە ناوەکەی دیاری دەکەین و بەو رێژەیەی دەمانەوێت بڕیاری لێدەدەین. چاوەڕێی لێدوانێکی فەرمی دەکەین کە بڕیارەکانی لیژنەکە بە یەکسانی یان زۆرینەی شارەزا وەربگیرێن. ئەگەر ئەم روونکردنەوەیە بدرێت، ئێمە بەشداری لە لیژنەکەدا دەکەین".
 
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی، 25-7-2025 بە نووسراوێکی فەرمی داوای لەو پارتە سیاسییانە کرد کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە، تاوەکو کاژێر 17:00ی رۆژی 31ی تەممووز ناوی ئەندامەکانیان بۆ لیژنەکە پێشکێش بکەن.
 
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە کە بەشی زۆری کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی سەر کورد لە سەردەمی حوکمی جەهەپەدا بووە.
 
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 
 
- رۆژی 9-9-1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆککۆماری تورکیا  دامەزراوە. 
 
- ئەو پارتە ساڵی 1923 تاوەکو 1950، 17 جار حکومەتی پێکهێناوە.
 
- دواتر بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردەی لێ جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسی دامەزرا.
 
- لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و دواتر بە بڕیاری دادگەی دەستووریی تورکیا کرایەوە.
 
- جەهەپە ئێستا خاوەن 135 کورسییە لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو