رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی ئاکپارتی لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، ئاکپارتی تەواوی قەدەخەی سەر کورد و زمانەکەی لادا؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگی بە ئارامیی کوردی عێراق و سووریاش دەدەن.
لە کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگای ئیزمیر کە رۆژی سێشەممە 28-10-2025 بەرێوەچوو، ئەیوب قادر ئینان گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی لە ئیزمیرەوە کە قەڵای پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە، رەخنەی لەو پارتە گرت بەوەی لە ماوەی رابردوودا قەدەخەی لەسەر شوناس و زمانی کوردی دانابوو.
ئینان گوتی:"ئەوان گوتیان پرسی تیرۆر، ئێمە گوتمان پرسی مرۆڤ. ئەوان گوتیان پرسی ئەمنی، ئێمە گوتمان پرسی دادپەروەری و برایەتی. تورکیا لە هەموو روویەکەوە پێویستی بە بوێرییەک بوو، ئینجا ئێمە ئەو بوێرییەمان لە هەموو رووەکان نیشاندا. تەواوی قەدەخەی سەر زمانی کوردیمان لادا. کەناڵی تەرەتە کوردیمان کردەوە و بە دەستی دەوڵەت دەستمان بە پەخشی 24 کاژێری کرد. لە زانکۆکاندا بەشی زمان و ئەدەبی کوردیمان کردەوە بۆ ئەوەی گەنجان زمانی خۆیان فێرببن و بە ئاسوودەیی قسەی پێ بکەن."
لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی ئاکپارتی لە باکووری کوردستاندا ئەیوب قادر ئینان رایگەیاند، دەوڵەت لە سەردەمی ئاکپارتیدا نەخۆشخانە، بەنداو، قوتابخانە، کارگە و فڕۆکەخانە لەوێ دروستکرد.
هەروەها رایگەیاند، ئەمڕۆ هەروەک چۆن کۆڵان و شەقامەکانی ئیزمیر پڕ لە جۆش و خرۆشن، کۆڵانەکانی ئامەد و مێردینیش هەمان شێوەن.
ئینان هەروەها گوتی، "جاران خەڵک نەیدەتوانی بڵێ؛ من کوردم، من عەلەویم یانیش بڵێ من پابەندی ئاینەکەمم. ژنانی سەرپۆشبەسەر نەیاندەتوانی بڕۆنە زانکۆکان. بەڵام ئەمڕۆ تورکیایەک هەیە کە سەرپۆشبەسەر و باڵاپۆش دەتوانێت بگاتە هەموو شوێنێک و هەموو دەرفەتێکی کاری پێ بدرێت."
سکرتێری گشتیی ئاکپارتی خۆشحاڵی خۆی راگەیاند کە ئێستا پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان و لەڕێی کۆمیسیۆنێکی گشتگیرەوە بەرێوەدەچێت.
گوتیشی:"نەوەک هەر تەنیا ئارامیی براکوردەکانی تورکیامان، بەڵکو ئارامیی براکوردەکانی عێراق و سووریاش پرسی ئێمەیە. دەمانەوێ بۆ هەمیشە لەوێش ئاشتی، ئاسایش، یەکێتی و برایەتی هەبێت."
سکرتێری گشتیی ئاکپارتی ئاماژەی بە گفتوگۆکانی پرۆسەی چارەسەری کرد و دڵنیایی دا کە سیاسەتەکانی ئاکپارتی لە بەرژەوەندیی تەواوی خەڵکە و با هیچ کەسێک ترسی لە پرۆسەکە نەبێت و نەکەوێتە نیگەرانیەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ