دانوستاندنی ئەمریکا-ئێران شکستیهینا

12 April 2026
دانوستاندنی ئەمریکا-ئێران شکستیهینا

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی نیسانی 2026، بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمەڵێک مژاری گەرمی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی خستەبەرباس. لە کاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی گەیشتنی مووچەکانیانن بۆ سەر هەژمارە بانکییەکانیان، لە بەغدا پەیوەندییەکانی پارتی و حکومەتی فیدراڵی گەیشتووەتە بنبەست. هاوکات لەسەر ئاستی جیهان شکستهێنانی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان و بەرزبوونەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە تەنگەی هورمز، ناوچەکەی خستووەتە سەر لێواری گۆڕانکاریی گەورە.

مووچە دەچێتە سەر هەژماری فەرمانبەران

ئەمڕۆ پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەستیپێکرد. پڕۆژەی "هەژماری من" رایگەیاند کە تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ، پارە دەچێتە سەر هەژماری ئەو مووچەخۆرانەی ناویان لە لیستی یەکشەممەدایە. ئەم مانگە 736 هەزار کەس لە رێگەی ئەم سیستمەوە مووچە وەردەگرن.

بڕیار لەسەر مەنهەجی پۆلی 12 دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاشکرای کرد کە ئەنجوومەنی وەزارەت ئەمڕۆ یان سبەی بڕیاری کۆتایی لەسەر کەمکردنەوەی مەنهەج یان درێژکردنەوەی خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی دەدات، تاوەکو ئێستا چاوەڕێی بڕیارێک دەکرێت کە لە بەرژەوەندیی قوتابیاندا بێت.

چاودێریی تەندروستی بۆ فرۆشگەی قوتابخانەکان

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام، لیژنەکانی تەندروستی و قایمقامیەت لە پارێزگاکان دەست دەکەن بە پشکنینی فرۆشگەی قوتابخانەکان. ئامانج لێی دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئەو خواردەمەنییانەی لە ماوەی پشوودا ماونەتەوە، خراپ نەبووبن و زیان بە تەندروستیی قوتابیان نەگەیێنن.

پارتی تیمەکانی لە بەغدا دەکشێنێتەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا فراکسیۆنی پەرلەمانی و تیمەکەی لە حکومەتی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، پارتی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە "نایاسایی" و دەرەوەی رێککەوتنەکان وەسف دەکات و بەربژێرە دیاریکراوەکەش بە نوێنەری کورد نازانێت.

شکستهێنانی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا و ئێران

دوای 21 کاژێر گفتوگۆی چڕ لە ئیسلام ئاباد، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، شکستی دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئێران راگەیاند. واشنتن دەڵێت تاران ئامادە نییە بەڵێن بدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی رابگرێت، بۆیە شاندەکەی ئەمریکا بەبێ رێککەوتن دەگەڕێنەوە.

گێڕانەوەی ئێران بۆ دانوستاندنەکانی پاکستان

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد کە لە دانوستاندنەکاندا باسیان لە تەنگەی هورمز، قەرەبووی زیانەکانی شەڕ و لادانی سزاکان کردووە. تاران سەرکەوتنی پڕۆسەکە بەند دەکات بە دوورکەوتنەوەی ئەمریکا لە "زیادەخوازی".

ململانێی سەربازی و مینڕێژکردن لە تەنگەی هورمز

لە کاتێکدا ئێران دەڵێت کۆنترۆڵی تەواوی تەنگەی هورمزی لەدەستە، ئەمریکا بە ناردنی دوو کەشتیی جەنگی، ئاڵنگاریی تاران دەکات. دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی "پاککردنەوەی" تەنگەکە لە مینە دەریاییەکانی سوپای پاسداران دەکات و دەڵێت رێگەکە بۆ نەوتهەڵگرەکان دەکەنەوە.

رۆڵی پاکستان وەک نێوەندگیر

پاکستان بەهۆی مەترسیی تێکچوونی ئاسایشی سنوورەکانی و وابەستەیی بە سووتەمەنیی ئێران، هەوڵدەدات رێگری لە هەڵگیرسانی شەڕێکی گشتگیر بکات. تاران نێوەندگیریی پاکستانی قبووڵ کردووە، چونکە ئەو وڵاتە بە لایەنێکی بێلایەن و خاوەن پەیوەندیی باش لەگەڵ هەردوولا دەبینێت.

هۆشداریی توندی ترەمپ بۆ چین

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری داوەتە چین کە ئەگەر هاوکاریی سەربازیی ئێران بکات، رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە، ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە ئەمریکا براوەی جەنگەکەیە و ئێستا بازرگانیی نەوتی جیهان بەرەو ئەمریکا گۆڕاوە.

ونبوونی درۆنێکی 400 ملیۆن دۆلاری

درۆنێکی سیخوڕیی پێشکەوتووی ئەمریکا لە جۆری (MQ-4C Triton) لە نزیک تەنگەی هورمز سیگناڵەکەی ون بووە. تێچووی هەر دانەیەک لەم درۆنانە زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلارە، ئەم رووداوەش پرسیاری لەسەر ستراتیژیی پێنتاگۆن و تێچووە سەربازییەکانی ئەمریکا دروستکردووە.

تەنز و جەنگی ناوی "کەنداوی فارس"

باڵیۆزخانەی ئێران لە نەمسا رەخنەی توندی لە وەزیری جەنگی ئەمریکا گرت بەهۆی بەکارهێنانی ناوی "کەنداوی عەرەبی". ئێرانییەکان بە تەنزەوە داوایان لە وەزیرەکە کردووە جوگرافیا بخوێنێت تاوەکو جارێکی دیکە لەسەر نەخشە ون نەبێت.

ئەسفەهان؛ بەربەستی خۆڵ بۆ پاراستنی یۆرانیۆم

وێنە سەتەلایتییەکان نیشانی دەدەن کە ئێران دەروازەی تونێلە ئەتۆمییەکانی لە ئەسفەهان بە خۆڵ و خاشاک داپۆشیوە. پسپۆڕان دەڵێن ئەمە تەکنیکێکی "کات کوشتنە" بۆ ئەوەی لە کاتی هێرشی زەمینیی ئەمریکادا، سەربازەکان پەکبخەن و بیانکەنە ئامانجی مووشەکەکان.

 "لێگۆ".. چەکی نوێی پڕوپاگەندەی ئێران

تاران لە رێگەی ژیریی دەستکرد و ڤیدیۆی شێوازی "لێگۆ"، جۆرێکی نوێی پڕوپاگەندەی بڵاوکردووەتەوە. ئەم ڤیدیۆیانە کە سەدان ملیۆن بینەریان هەبووە، راستەوخۆ کار لەسەر مێشکی بینەری رۆژئاوایی دەکەن و هێرش دەکەنە سەر سیستەمی سیاسیی ئەمریکا.

چوار هۆکار کە پێگەی ئەمریکای لاواز کردووە

شیکەرەوەکان دەڵێن جەنگی ئێران و ئەمریکا خزمەتی بە بەرژەوەندییەکانی چین و رووسیا کردووە. ئەمەش لە رێگەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دابەشبوونی ناتۆ، و دەرکەوتنی چین وەک نێوەندگیرێکی ئاشتیخواز لە ناوچەکەدا.

دەرکردنی خێزانی مەعسوومە ئیبتیکار لە ئەمریکا

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مافی مانەوەی (گرین کارد)ی لە کوڕ و بووک و نەوەکەی مەعسوومە ئیبتیکار، بەرپرسی پێشووی ئێران سەندەوە. ئیبتیکار بەوە ناسراوە کە گوتەبێژی ئەو خوێندکارانە بووە کە لە 1979 هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا.

هەڵبژاردنی هەنگاریا؛ ململانێی ترەمپ و ئەورووپا

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەنگاریا بەڕێوەدەچێت. کێبڕکێکە لە نێوان ڤیکتۆر ئۆربانی دۆستی ترەمپ و پیتەر مەجیاری لایەنگری یەکێتیی ئەورووپایە. دۆڕانی ئۆربان وەک شکستێکی گەورە بۆ بەرەی ترەمپ و پوتین لە ناو جەرگەی ئەورووپادا دەبینرێت.


رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).