پەیامی نوێی ئۆجەلان و مەرجە قورسەکانی ئەمریکا بۆ ئێران

14 April 2026
پەیامی نوێی ئۆجەلان و مەرجە قورسەکانی ئەمریکا بۆ ئێران

لە بەرنامەی ئەمڕۆی "ڕۆژی هیوا جەمال"دا کە لە تۆڕی میدیایی ڕووداو پێشکەش کرا، کۆمەڵێک دۆسیەی گەرم و جیاواز خرانە بەرباس. لە سەرووی هەموویانەوە پەیامی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداری، مەرجە "نەگۆڕەکانی" واشنتن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ تاران، و دۆسیەی هەستیاری ئەنفال و گەڕانەوەی ڕووفاتەکان. هەروەها بەرنامەکە تیشکی خستە سەر بڕیارە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردە و دۆخی ئابووریی ئەوروپا لە ژێر سێبەری جەنگدا.

لە یادی ئەنفالدا هیچ رێوڕەسمێکی فەرمی لە چەمچەماڵ بەڕێوەناچێت

بڕیاردرا ئەمساڵ لە قەزای چەمچەماڵ هیچ رێوڕەسمێکی فەرمی بۆ یادی تاوانی ئەنفال نەکرێت. لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری لە خاوی پرۆسەی هێنانەوەی رووفاتی قوربانییان دەدەن و رایدەگەیێنن، رووفاتی 155 ئەنفالکراو ساڵێکە لە بەغدا ماونەتەوە و نەهێندراونەتەوە.

وەزارەتی پەروەردە لۆگۆی خۆی دەگۆڕێت و رێنمایی نوێ دەردەکات

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لۆگۆی وەزارەت بگۆڕێت و تابلۆی سەرجەم دامەزراوەکانی یەکبخات. بەپێی فەرمانێکی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، دەبێت تەنیا فۆنتی پەروەردە لە نووسینەکاندا بەکاربهێنرێت و دەستکاری رەنگ و پێکهاتەی لۆگۆکە نەکرێت.

بۆ کەرکووکییەکان: 25%ـی کرێی خوێندن لە زانکۆکانی عێراق کەمدەکرێتەوە

بڕیاردرادرا 25%ـی کرێی خوێندن بۆ ئەو خوێندکارانە کەمدەکرێتەوە کە خەڵکی کەرکووکن و لە زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق دەخوێنن. ئەم بڕیارە لەلایەن هەڵۆ عەسکەری، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بە وەکالەت واژۆکراوە.

سبەی بۆ جەژنی سەری ساڵ مەچنە لالش

ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدییان بڕیاریدا ئەمساڵ هیچ رێوڕەسمێکی فەرمیی جەژنی سەری ساڵ (چوارشەممەی سوور) لە پەرستگەی لالش نەکرێت. خالید نەرمۆ، راوێژکاری ئەنجوومەنەکە بە رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە بۆ پاراستنی گیانی خەڵک و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناوچەکەیە.

ئۆجەلان پەیامی نوێێ هەیە 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە رێگەی پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی، پەیامێکی نوێی ئاراستەی رای گشتیی تورکیا کرد و رایگەیاند، خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە و قۆناخی ئێستا "گواستنەوەیە بەرەو ئاشتی" لە چوارچێوەی کۆمارێکی دیموکراسیدا.
ئۆجەلان ستایشی گۆڕانی هەڵوێستی دەوڵەت باخچەلی کردووە کە ئێستا پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکات. لە بەرامبەردا، دەم پارتی داوای گرەنتی یاسایی، ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان و کۆتاییهێنان بە سیستمی قەییووم دەکات بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.

حکومەتی عێراق باجی سەر ئامێرە پزیشکییەکان کەمدەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی دارایی و ئەمنی. یەکێک لە بڕیارە گرنگەکان کەمکردنەوەی گومرگی سەر ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکانە بۆ (0.5%)، بەوپێیەی وەک کەرەستەی "رزگارکەری ژیان" هەژمار دەکرێن.

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیران دواخرا

کۆبوونەوەی لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە بڕیاربوو لە ماڵی عەممار حەکیم بکرێت، بۆ رۆژی چوارشەممە دواخرا. هۆکارەکەی بۆ بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان دەگەڕێتەوە لەسەر دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران.

سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی بە تۆمەتی دەستپیسی دەستبەسەرکرا

دەستەی دەستپاکی عێراق، ئەمجەد تلمەس، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدینی بە تۆمەتی "بەهەدەردانی دارایی گشتی" دەستگیر کرد. ناوبراو پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەمان پارێزگا بووە و ئێستا بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەستبەسەرە.

جەی دی ڤانس: دەرفەتێکی گەورە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لەگەڵ ئێرانییەکان پێشکەوتن هەبووە، بەڵام هێشتا بەس نین. ڤانس دەڵێت: "مەرجی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت ئێران بە تەواوی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی نەمێنێت و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەش بنێرێتە دەرەوە."

چیرۆکی دەستکەوتنی یەکەمین مووشەکەکانی ئێران

ئێران لە لیبیاوە بووەتە خاوەنی بیرۆکەی دروستکردنی مووشەک

پیشەسازیی مووشەکیی ئێران لە ساڵی 1984 و لە کاتی شەڕی عێراق-ئێرانەوە دەستیپێکرد. کاتێک تاران لەژێر لێدانی مووشەکە سکۆدەکانی عێراقدا بوو، شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی عەلی ئەکبەر ولایەتی و موحسین رەفیقدۆست چوونە لیبیا بۆ لای معەمەر قەزافی.
قەزافی رازی بوو مووشەکی Scud-B بداتە ئێران، بەڵام بەو مەرجەی یەکێکیان بگرنە سعوودیە و بڵێن بە هەڵە رۆیشتووە، دواتر ئێرانییەکان مووشەکەکانیان وەرگرت و لە رێگەی "ئەندازیاریی پێچەوانە"وە دەستیان بە دروستکردنی مووشەک کرد. 

پارێزگاری ئیلام: شەش هەزار یەکە زیانیان بەرکەوتووە

ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە شەش هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە بەپێی خەمڵاندنەکان، 155 یەکە بە تەواوی رووخاون و تیمەکان سەرقاڵی بەسەرکردنەوەی ناوچەکانن بۆ دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوە.

ئێران داوای قەرەبوو لە پێنج وڵاتی ناوچەکە دەکات

باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، تاران داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوی لە وڵاتانی بەحرەین، سعوودیە، قەتەر، ئیمارات و ئوردن دەکات. هۆکارەکەشی بۆ "بەشدارییان لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران" گەڕاندەوە و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوی برد.

بەحرەین یاداشتێکی ناڕەزایی توندی دایە عێراق

دوای سعوودیە، بەحرەین بووە دووەم وڵاتی کەنداو کە یاداشتی ناڕەزایی فەرمی بداتە عێراق. وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراقی بانگهێشت کرد و سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانەی کرد کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی بەحرەین و وڵاتانی کەنداو دەکرێن.

کۆمیسیۆنی ئەورووپا: لە 44 رۆژدا 22 ملیار یۆرۆ زیانمان بەرکەوتووە

ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێچووی هاوردەکردنی سووتەمەنی بۆ ئەوروپا 22 ملیار یۆرۆ زیاد کردووە. داوای کرد وڵاتان واز لە سووتەمەنییە بەردینییەکان بهێنن و پەنا بۆ وزەی نوێبووەوە ببەن بۆ ئەوەی لە رووی وزەوە سەربەخۆ بن.

مەترسیی قەیرانێکی جیهانیی خۆراک بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز

ئاستەنگییەکان لە تەنگەی هورمز هەڕەشەی پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی خۆراک و پەین دەکەن. رێکخراوی فاو (FAO) هۆشداری دەدات کە 20% بۆ 30%ـی پەینە کیمیاییەکانی جیهان ناگوازرێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە کۆتایی ئەمساڵدا.

ترەمپ وێنەیەکی "ئاینی" بڵاوکردەوە و دواتر سڕییەوە

دۆناڵد ترەمپ وێنەیەکی خۆی کە بە ژیریی دەستکرد دروستکرابوو و تێیدا وەک حەزرەتی عیسا دەردەکەوت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) بڵاوکردەوە، بەڵام دوای ناڕەزاییەکی زۆر سڕییەوە. ترەمپ دەڵێت: "وامزانی وێنەی دکتۆرێکە و پەیوەندی بە خاچی سوورەوە هەیە، منیش بەڕاستی خەڵک زۆر چاک دەکەمەوە."

پاپا بۆ ترەمپ: نە لێتان دەترسم و نە لە داواکردنی ئاشتی پاشگەز دەبمەوە

پاپا لیۆی چواردەیەم وەڵامی هێرشەکانی ترەمپی دایەوە کە بە "لاواز لە سیاسەتی دەرەوە" وەسفی کردبوو. پاپا لە ناو فڕۆکەدا رایگەیاند کە ئەو سیاسی نییە و ئەرکی کەنیسە تەنیا بانگەوازە بۆ ئاشتی، چونکە ئەمڕۆ زۆر کەسی بێتاوان بەهۆی شەڕەوە ئازار دەچێژن.

کۆتایی چیرۆکی ئەو پیاوەی 900 ملیۆن دۆلاری لە زبڵخانەدا ون کرد

دوای 12 ساڵ گەڕان، جەیمس هاوێڵز، ئەو پیاوە بەریتانییەی کە هاردێکی پڕ لە بیتکۆینی بە هەڵە فڕێدابوو، وازی لە گەڕان هێنا. هاوێڵز هەموو رێگەیەکی گرتەبەر، لە بەکارهێنانی رۆبۆت تاوەکو ژیریی دەستکرد، بەڵام بەرپرسانی شارەکە رێگەیان نەدا زبڵخانەکە هەڵبکەنێت. ئێستا بەهای ئەو بیتکۆینانە گەیشتووەتە 900 ملیۆن دۆلار.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).