گرنگی کات لە فەلسەفە و دیدگای زانستی و ئایینیدا
بەرنامەی "باوەڕنما" لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی 2026 و لە دەستپێکی وەرزی سێیەمی خۆیدا، مژارێکی بنەڕەتی و هەستیاری خستە نێو بازنەی گفتوگۆوە کە ئەویش پرسی کات و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی تەمەن بوو لە نێوان روانگەی ئایینی و دەروونناسی و فەلسەفیدا.
لە بەرنامەکەدا کە دەروون گێژەن پێشکەشی دەکات و هەریەک لە پ. د. محێدین محەممەد خانی، دکتۆر مورشید مەعشووق خەزنەوی و مامۆستا جاسم کەلاری میوان بوون، تیشک خرایە سەر ئەو پرسیارەی کە بۆچی مرۆڤەکان هەست دەکەن کات بە خێرایی دەڕوات و چۆن دەتوانرێت تەمەن بگۆڕدرێت بۆ ژیانێکی مانادار.
کات لە نێوان زانست و دەروونناسیدا
پ. د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، ئاماژەی بەوە کرد کە کات لەڕووی زانستییەوە رێژەیییە. ئەو روونی کردەوە کە کاتێک مرۆڤ لە کارێکی بێزارکەر یان لە نەخۆشیدا دەبێت، هەست دەکات کات ناڕوات، بەڵام لە ساتە خۆشەکاندا زوو تێدەپەڕێت، خانی جەختی لەوە کردەوە کە زۆربەی مرۆڤەکان ژیانیان کەوتووەتە سەر دۆخی فڕۆکەوانی خۆکار، کە تێیدا رووداوەکان هێندە دووبارەن، مێشک چیدی تۆماریان ناکات و هەر ئەمەشە وادەکات مرۆڤ هەست بکات ساڵەکان وەک چرکە دەڕۆن. ئەو گوتی "مرۆڤە سەرکەوتووەکان ئەوانەن کە کاتیان بە کردەیی لێدەچێتە ناو ژیانەوە، نەک تەنیا تەمەن."
روانگەی ئایین؛ کات وەک ئەمانەت و بەرهەم
دکتۆر مورشید مەعشووق خەزنەوی، پسپۆڕی فیقهی ئیسلامی، تیشکی خستە سەر پێگەی کات لە قورئان و فەرموودەدا. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە سوێندخواردنی خودا بە کات لە قورئاندا وەک (سوورەتی عەسر)، نیشانەی گەورەیی و گرنگیی ئەم نیعمەتەیە. خەزنەوی گوتی "لە قیامەتدا یەکەم پرسیار دەربارەی تەمەن و گەنجێتی دەکرێت"، هەروەها جەختی کردەوە کە مرۆڤ تەنیا کۆمەڵە رۆژێکە و هەر رۆژێک بڕوات، پارچەیەک لە وجودی مرۆڤەکە دەڕوات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، مامۆستا جاسم کەلاری، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە فیقهی ئیسلامی، بە هێنانەوەی پارچە شیعرێکی نالی، باس لەوە دەکات کە کات سەرمایەی مرۆڤە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی خودا. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە تەمەنی مرۆڤ چەند درێژ بێت، ئەگەر رەوشت و بەرهەمی چاکی تێدا نەبێت، بە خەسار هەژمار دەکرێت.
چۆن کات بەڕێوە دەبرێت؟
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، پسپۆڕان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە کلیلێکی سەرەکی بۆ ماناداریی ژیان، جیاکردنەوەی کارە گرنگەکانە لە کارە بەپەلەکان. بەشداربووان هۆشدارییان دا لەوەی کە کات پاشەکەوت ناکرێت، بەڵکو تەنیا دەتوانرێت بەرهەمدار بکرێت، جەختیان لەوەش کردەوە کە مانگی رەمەزان هەلێکی زێڕینە بۆ وەرچەرخانێکی فکری و رێکخستنەوەی کاتەکان بە جۆرێک کە خزمەت بە قیامەت و دونیای مرۆڤ بکات.