وەفای هاوژینان لە کاتی نەخۆشیدا

وەفای هاوژینان لە کاتی نەخۆشیدا

لەم بەرنامەیەی باوەڕنەمادا، چیرۆکی خۆڕاگریی ژنە پارێزەرێک و وەفای هاوژینەکەی دەبێتە جێگەی سەرنج. شۆخان حەمەڕەشید، کە ئێستا لە جەنگی دژ بە شێرپەنجەدایە، رایدەگەیێنێت کە پشتیوانیی خێزان و هاوژینەکەی نیوەی چارەسەرەکەیەتی و دەڵێت: "من وەک رزگاربوویەکی جەنگ سەیری برینەکانم دەکەم." لە بەرنامەکەدا تیشک خرایە سەر یەکێک لە قورسترین تاقیکردنەوەکانی مرۆڤ، ئەویش رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانە لەنێو خێزاندا. شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەر و چالاکوان، بە ورەیەکی بەرزەوە لە تەنیشت هاوژینەکەی و میوانانی بەرنامەکە دانیشتبوو و باسی لە ئەزموونی خۆی کرد.

"شێرپەنجە تەنیا نەخۆشیی تاکەکەس نییە"
شۆخان حەمەڕەشید لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە شێرپەنجە تەنیا جەستەی نەخۆشەکە ناگرێتەوە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی هاوبەشی نێوان هاوژینانە، ئەو بە پێزانینەوە باسی لە رۆڵی هاوژینەکەی کرد و گوتی "سوپاسی هاوژینەکەم دەکەم کە نەیهێشتووە بۆ یەک چرکەش هەست بە تەنیایی بکەم، ئەو لە هەموو قۆناخەکانی چارەسەریدا لە پشتم بووە." ئەم خانمە پارێزەرە نیگەرانیی خۆی نیشاندا بەرامبەر ئەو حاڵەتانەی کە تێیدا هاوژینەکان لە کاتی نەخۆشیدا پشتی یەکدی بەردەدەن و گوتی "بەداخەوە چەندین کەیسم بینیوە کە مێردەکان بەهۆی نەخۆشییەوە لە ژنەکانیان جیابوونەتەوە، تەنانەت هەندێکیان ترساون خواردنی دەستی ژنەکانیان بخۆن."

پشتیوانیی دەروونی و زانستی
پ. د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، لە دیدگایەکی زانستییەوە باسی لە گرنگیی قبووڵکردن کرد و رایگەیاند، کە مرۆڤی باڵغ ئەو کەسەیە کە لە کاتی کارەساتدا ناڕووخێت و دەوروبەرەکەی تۆمەتبار ناکات، بەڵکو رووبەڕووی واقیعەکە دەبێتەوە. هاوکات، د. مورشید مەعشووق خەزنەوی و مامۆستا جاسم کەلاری، لە روانگەی ئایینی ئیسلامەوە جەختیان لەوە کردەوە کە نەخۆشی قەدەرێکی خوداییە و خێری تێدایە، هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە وەفای هاوژینان لە کاتی نەخۆشیدا گەورەترین پاداشتی لای خودا هەیە.

پەیامێک بۆ نەخۆشەکان: مەترسن!
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، شۆخان حەمەڕەشید پەیامێکی ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە کرد کە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن و گوتی "شێرپەنجە یەکسان نییە بە مردن، نابێت نەخۆشی بشاردرێتەوە، چونکە پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و خێزانی گەورەترین چارەسەرە."

ئەم بەرنامەیە، کە پڕ بوو لە سۆز و فرمێسکی جوامێری، وەک نموونەیەکی باڵای وەفا و خۆڕاگری لە کۆمەڵگەی کوردیدا وێنا کرا، کە تێیدا هاوژینەکان لە کاتی تەنگانەدا دەبنە قەڵغان بۆ یەکدی.