وەزارەتی کار: چەندین کۆمپانیامان لەسەر مافەکانی کرێکاران داونەتە دادگە

01 May 2024
وەزارەتی کار: چەندین کۆمپانیامان لەسەر مافەکانی کرێکاران داونەتە دادگە
وەزارەتی کار: چەندین کۆمپانیامان لەسەر مافەکانی کرێکاران داونەتە دادگە

وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی دەستەبەرکردن و مافەکانی کرێکارانەوە دەڵێت، هەر کرێکارێک دەستبەرکرابێت خانەنشینی دەیگرێتەوەو بەپێی یاساش خاوەنکار ناچارە کرێکارەکانی دەستبەربکات. سەندیکای کرێکارانیش ئاماژە بەوەدەکات، کە کێشەی جێبەجێنەکردنی یاسایان هەیە.

بەشێکی زۆری کرێکاران ناویان بۆ دەستەبەرکردن تۆمارنەکردووە، ئەوەش بەهۆی ئاگادارنەبوون یان کەمتەرخەمی. هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، رەخنە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەگرێت بۆ بەدوادانەچوونی ئەو خاوەنکارانەی کە کرێکارەکانی دەستەبەر ناکات.

خالید سلێمان، کرێکارە و دەستەبەری نەکردووە، دەڵێت: "دۆخی کرێکاران زۆر زەحمەتە و هەر کرێکارێک نەخۆش بکەوێت یان لەماڵ بکەوێت هیچ گەرەنتییەک نییە هاوکاری بکرێن، خاوەنکارێک رۆژێک دەیباتە کار و دووەم رۆژ نایباتە کار".

بەپێی یاسای کار خاوەنکار ناچار دەکرێت کرێکارەکانی دەستبەربکات و سەلامەتییان دابینبکات. سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان کێشەی جێبەجێنەکردنی یاسامان هەیە.

سەلامەتیی پیشەیی و دەستەبەرکردن دوو بابەتی جیاوازن. ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ئەو کرێکارانەی کە دەستەبەرکراون رێکخراون و مافیان وەردەگیرێت. ئەو کرێکارانەشی کە دەستەبەرنەکراون، ناڕێکخراون و ناتوانرێت مافیان وەربگیرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیار رایگەیاند، هەر کرێکارێک سکاڵای لەسەر خاوەنکارەکەی یان بخوازێت سکاڵایەکی کار بگەیێنێتە وەزارەت دەتوانێت لە رێگەی هێڵی گەرمی 5500 بیگەیێنێت.

ئاریان ئەحمەد، رەتیدەکاتەوە وەزارەتەکەیان چاودێری سەلامەتیی کرێکاران نەکات. "لیژنەمان هەیە سەردانی شوێنکارەکان دەکات. زۆرجار کرێکار کەمتەرخەمی لەخۆیەتی. ئەگەر کۆمپانیا کەمتەرخەم بێت سزامان داون و چەندین کۆمپانیامان داونەتە دادگە. هەر کرێکارێک دەستەبەرکرابێت تاوەکو دادگەش لەگەڵی دەڕۆین".

گوتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی:" هەر کرێکارێک لە رەگەزی نێر 25 ساڵ دەستبەری هەبێت دەتوانێت خۆی خانەنشین بکات. بۆ رەگەزی مێ 20 ساڵ دەستنیشانکراوە. تاوەکو ئێستاش 800 کرێکار لە هەرێمی کوردستان خانەنشین کراون. لە ساڵی 2019 دەستەبەریی کرێکاران گەیشتووەتە 30 ٪. لە ساڵی 2020 بەهۆی کۆرۆناوە دابەزیوە بۆ 15٪. لە ساڵی 2021 دەستبەری کرێکاران گەیشتووەتە 91.3٪. لە ساڵی 2022 دەستبەریی کرێکاران گەیشتووەتە 104٪. لە ساڵی 2023 رێژەکە گەیشتووەتە 430٪. تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 148 هەزار و 621 کرێکار دەستەبەرییان بۆ کراوە."

کرێکاری رۆژانە یان کاژێر دەستەبەر ناکرێن. گوتەبێژی وەزارەتی کار دەڵێت: "ئەو چینەن کە زۆرترین کات مافیان پێشێل دەکرێت. لە رەشنووسی ئەمجارەی وەزارەتی کار کە ئاراستەی پەرلەمان کراوە و خوێندنەوەی بۆ کراوە، ئەگەر پەسند بکرێت ئەو کرێکارانە لەو زەحمەتییانە رزگار دەبن و مەترسییەکان لەسەریان نامێنێت.

بەپێی بڕیارێکی حکومەت، هەر خاوەنکارێک دەبێت رێژەی کرێکاری نێوخۆیی لە 75٪ کەمتر نەبێت. بۆ دەستبەرکردنی هەر کرێکارێک 17٪ـی مووچەکەی دەخرێتە سندووقی نیشتەجێبوون لەو رێژەیەش 5٪ کرێکار دەیدات و خاوەنکار و حکومەت رێژەی 12٪ لە پارەی سندووقی نیشتەجێبوونەکە تەواو دەکەن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی کرێکاران رایگەیاند: "دەبێت چاودێریی خێزانی ئەو کرێکارانە بکرێت کە لە کاردا ژیانیان لەدەستداوە.

لە هەرێمی کوردستان بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987 و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی 1971.