منداڵێکی 8 ساڵان هەردوو جوومگەی دەرچووە و پێویستی بە نەشتەرگەرییە

09 May 2024
منداڵێکی 8 ساڵان هەردوو جوومگەی دەرچووە و پێویستی بە نەشتەرگەرییە
 
 
دیاری مستەفا قوتابی قۆناخی دووەمی بنەڕەتییە، بەهۆی دەرچوونی جوومگەکانی ناتوانێت دابنیشێت و بە قاچەکانی بڕوات. بۆ بەردەوامبوونی لە خوێندنەکەی خوشکێکی دیاری وازی لە خوێندن هێناوە و رۆژانە خزمەتی براکەی دەکات. ئەو خێزانە کەمدەرامەتن و توانای دابینکردنی خەرجیی نەشتەرگەریی کوڕەکەیان نییە.
 
باوکی دیاری پۆلیسە لە سۆران. شەهێن بوورهان، دایکی دیاری دەڵێت: "درەنگ بە نەخۆشیی کوڕەکەم زانی، تاوەکو ئێستا چوار نەشتەرگەریی بۆ کراوە و سەرکەوتوو نەبووە. پزیشک گوتی، دوایین نەشتەرگەریی دیاری لە دەرەوەی وڵات دەکرێت، توانامان نییە بۆ خەرجیی ئەو نەشتەرگەرییە."
 
دکتۆر رەمەزان تەها، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوومگە، ئێسک و شکان، دەڵێت، "دیاری زۆر درەنگ گەیێنراوەتە پزیشک و ئەوەش هۆکاری سەرکەوتوونەبوونی نەشتەرگەرییەکەیە. ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە لە تەمەنی پێش دوو ساڵی سەرکەوتووە، بەڵام دوای ئەو تەمەنە لە هیچ سەنتەرێکی جیهان رێژەی سەرکەوتنی ئەو نەشتەرگەرییە نادات."