گرانبوونی پەینی کیمیایی کێشەی گەورەی بۆ جووتیاران دروستکردووە

01 December 2021
گرانبوونی پەینی کیمیایی کێشەی گەورەی بۆ جووتیاران دروستکردووە

ئەمساڵ کڕینی یەک تۆن پەینی کیمیایی بە ملیۆنێک و 400 هەزار دینارە، گرانی نرخەکەی وایکردووە بۆ ئەمساڵ مەترسی بکەوێتە سەر چاندنی گەنم و جۆ و بەگشتیی دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستان و وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت، پاڵپشتیی جووتیاران نەکەین ئاسایشی خۆراکمان دەکەوێتە مەترسییەوە.
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە لەلایەن شەهیان تەحسینەوە پێشکێش دەکرێت گوتی: "هەر کۆمپانیایەک تەنانەت ئەگەر جووتیاریش بێت لە توانایدایە پەینی کیمیایی بهێنێتە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەرگامان کراوەیە و رەزامەندیی پێدەدرێت. هیچ قۆرخکارییەک بۆ هیچ کۆمپانیایەک نەکراوە".
 
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی: "کێشە ئەوەیە لە ساڵی رابردوو وشکەساڵی بووە. بەشێکی زۆری جووتیارانی ئێمە بەوهۆکارە زەرەرمەند بوون، ئەمساڵیش باران لە وادەی خۆیدا نەباریوە، لەگەڵ ئەوەشدا نرخی پەینیی کیمیایی لە بازاڕەکانی جیهاندا زۆر زۆر بەرزبووەتەوە. ئەو جۆرە پەینەش کە لە بازاڕەکانی ئێمە دەفرۆشرێت و بەکاردەهێندرێت هەر لە دەرەوە دەهێندرێت".
 
سەبارەت بەوەی وەزارەتەکەیان چیکردووە بۆ دابینکردنی پەینی کیمیایی، گوتی: "ئێمە نووسراومان کردووە بۆ وەزارەتی دارایی تاوەکو گومرگ لەسەر هاوردەکردنی پەین لابچێت. نووسراومان کردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و داوامان لە سەرۆکی حکومەت کردووە لە سەرووی 70 ملیار دینار تەرخانبکرێت بۆ پاڵپشتیی جووتیاران بۆ ئەوەی بە نیوەی نرخی بازاڕ بتوانین پەینی کیمیاییان بۆ دابین بکەین. ئەنجوومەنی وەزیرانیش داوای وردەکارییان لە وەزارەتی دارایی کردووە.
 
بێگەرد تاڵەبانی داوای لە حکومەت کرد ئەگەر حکومەت نەتوانێت 100% یارمەتیی جووتیاران بدات، "داوایان لێدەکەین بە 50% یارمەتیمان بدات. چونکە ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بودجەیەکی تەخمینکراومان لەبەردەست نییە تاوەکو خۆمان بتوانین راستەوخۆ پارەی بۆ خەرجبکەین. بەڵکو دەبێت وەزارەتی دارایی دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران پارەی بۆ تەرخانبکات".
 
وەزیری کشتوکاڵ هۆشداریی دەدات و دەلێت: "کات درەنگە و زۆر دەمێکە نووسراومان کردووە و باسمان لەوە کردووە کە کات تێدەپەڕێت و ئەگەر لە وەرزی خۆیدا نەمانتوانی پشتیوانیی لە جووتیار بکەین بە دڵنیاییەوە کاتەکە تێدەپەڕێت. ئەگەر ئەمساڵ چاندنی گەنم کەمبێت ئاسایشی خۆراکمان دەکەوێتە مەترسییەوە ناچاردەبین لەدەرەوە بیکڕین و ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ جووتیاران زیانێکی گەورەیە".