حەوت ساڵە یاریگەی یانەی سەورە تێکدراوە
یاریگەی یانەی سەورە لە کەرکووک حەوت ساڵە تێکدراوە، بڕیارە جگە لە نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە، پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لەسەر زەوییەکە دروستبکرێت، بەڵام دوای حەوت ساڵ، تەنیا چەند دووکانێک دروستکراون.
کارگێڕیی یانەی سەورە، هۆکاری "پەرش و بڵاوی"ی یاریزانانی یانەکەیان بۆ وەبەرهێنەری پڕۆژەکە دەگەڕێننەوە.
شەوقی فەرەج، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گشتیی یانەکە، لە بەرپرسیار گوتی، "بەبێ ئاگاداریی ئێمە 20 دۆنم زەویی یاریگەکە دراوەتە وەبەرهێنان. سکاڵامان لەسەری تۆمار کردووە. پێشتر یانەکەمان لە چەندین بەشی جیا پێکدەهات، دوای نەمانی یاریگە هەموویان پەرش و بڵاو بوون، ئێستا زیاتر لە 150 یاریزانمان دابەش بوون و لە چەند شوێنێکی جیا راهێنان دەکەن، ئەوەیشی ماوە لە کۆڵان، شەقام و لەنێو چەمی خاسە راهێنان دەکەن."
فاتیح کەریم، وەبەرهێنەری پڕۆژەکە، لە بەرپرسیار گوتی، "زەوییەکە موڵکی داراییە و لە وەبەرهێنانمان وەرگرتووە. بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە کێشەمان زۆر بۆ دروستدەکرێت. لە 2017وە پڕۆژەکە وەرگیراوە بۆ سێ ساڵ. تاوەکو ئێستا چەندین زێدەڕۆ لەنێو پڕۆژەکە ماون و هەڵنەگیراون، ئەوانەش یانەکە گرێبەستی لەگەڵ کردوون و ئامادە نین چۆڵی بکەن. من ئامادەم یاریگەی نوێ و مۆدێرن بۆ یانەکە دروستبکەم ئەگەر وەبەرهێنان زەوی دابین بکات."
وەبەرهێنانی کەرکووک، وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق لەم بابەتە بە "کەمتەرخەم" ناو دەبات.
دلێر زێدان، بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووک، لە بەرپرسیار گوتی، "وەزارەت ستەم لە یانەی سەورە دەکات. پێشتر مۆڵەت لە وەبەرهێنەر وەرگیرابوویەوە. کرێی دووکانەکان نادرێتە یانەکە. وەبەرهێنەر ساڵانە 500 ملیۆن دینار دەداتە وەزارەت، بەڵام وەزارەت هیچ بڕە پارەیەک بۆ یانەکە خەرج ناکات. لە 2021 وەبەرهێنەرێکی نوێ پڕۆژەکەی وەرگرت. ئێستا کەیسەکە لە دادگەیە و دادگە یەکلایی دەکاتەوە."
بهشی بكه لە