مەترسیی لەسەر ژیانی دوو منداڵی نەخۆش هەیە

02 May 2024
مەترسیی لەسەر ژیانی دوو منداڵی نەخۆش هەیە
 
 
هێڤی ئەینی تەمەنی 6 ساڵە و هەردوو گورچیلەی لەکارکەتووە، براکەی هێڤی هەمان نەخۆشی هەیە و پێویستی بە چاندنی گورچیلە هەیە. خێزانی ئەو دوو  منداڵە کەمدەرامەتن و توانای دابینکردنی خەرجیی نەشتەرگەرییەکەیان نییە.
 
باوکی هێڤی پێشمەرگەیە و ئەو کاتەی کە لەماڵە وەک باسیدەکات تەنیا لە رێگەی نەخۆشخانەن.
 
ئەینی عومەر، باوکی دوو منداڵەکە، بە گریانەوە باسی دۆخی خۆی و دوو منداڵەکەی دەکات و دەڵێت: "خەرجیی چارەسەرییان زۆرە و لە توانای مندا نییە. مانگانە یەک ملیۆن دینار لە چارەسەرییەکان خەرج دەکەم. دۆخیان خراپە و شەو تاوەکو بەیانی چاودێرییان دەکەم."
 
نەخۆشییەکەی هێڤی لە قوتابخانەی دابڕاندووە و بەردەوام سەیری جانتاکەی دەکات و فرمێسک بە چاوەکانی دێتەخوارەوە. دونیا عەبدولڕەحمان، دایکی محەممەد و هێڤی، دەڵێت: "دایکی چوار منداڵم و زۆر هیلاکم. داوا لە حکومەت و  خێرخوازان دەکەم خەرجیی چارەسەریی منداڵەکانم بگرنە ئەستۆ."
 
محەممەد تەمەنی 4 ساڵە و بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە بەردەوام سکی ئاوساوە. دکتۆر جیسار سەلیم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە، کەسوکاری ئەو منداڵەی لە مەترسیی لەسەر ژیانیان ئاگادارکردووەتەوە و دەڵێت: " پێویستە بەپەلە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە بۆ هێڤی بکرێت. محەممەدیش تاوەکو شەش مانگی دیکە دەگاتە دۆخی هێڤی و ئەویش پێویستی بە چاندنی گورچیلەیە."
 
ئەو خێزانە لە گوندی تۆپزاوەی سنووری ناحیەی رۆڤیا لە خانووی خێرخوازێک دەژین. چاوەڕێی هاوکاریی خێرخوازانن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە و رزگارکردنی دوو منداڵەکەیان.