لە قوتابخانەیەکی کەرکووک 18 کەس تووشی شێرپەنجەبوون؛ گومان لە 'پاشماوەی چەک' دەکرێت

04 December 2025
لە قوتابخانەیەکی کەرکووک 18 کەس تووشی شێرپەنجەبوون؛ گومان لە 'پاشماوەی چەک' دەکرێت
لە قوتابخانەی ئامادەیی واستی کچان، 18 مامۆستا و قوتابی تووشی شێرپەنجە بوون؛ 9 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. مامۆستا و کەسوکاری قوتابییە تووشبووەکان هۆکارەکەی بۆ بوونی 'پاشماوەی چەک' لەژێر زەویی قوتابخانەکەیان دەگەڕێننەوە. بەرپرسانی شارەکەش دەڵێن، پشکنینیان کردووە و 'قوتابخانەکە سەلامەتە'.
 
مامۆستاکان دەڵێن، دوای 2003 قوتابخانەکەیان وەک سەربازگەی هێزی ئەمریکییەکان بەکارهاتووە و گومان دەکەن مانەوەی پاشماوەی کەرستەی سەربازی و تەقەمەنی هۆکاربێت بۆ ئەو ژمارە زۆرەی تووشبوون بە شێرپەنجە.
 
ئەسما مامۆستای ئامادەییەکەیە و تووشی نەخۆشییەکەبووە، لە بەرپرسیار، گوتی: "لە 1993ـەوە لەو قوتابخانەیە وانە دەڵێمەوە. تووشبوون لە 2003ـەوە لەو قوتابخانە دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا و ئەوەی زانراوە 18 کەس تووشی شێرپەنجە بوونە.
هۆکارەکەیشی بەکارهێنانی قوتابخانە و باخچەی قوتابخانەکەیە لەلایەن هێزی ئەمریکاوە وەک کۆگەی چەک و تەقەمەنی."
 
ژمارەیەکی زۆری سکاڵای خەڵک و مامۆستا و خوێندکار لەسەر ئەو پرسە رەوانەی دەستەی مافی مرۆڤ کرا. دەستەکەش سکاڵای تۆمارکرد و لیژنەیەک پشکنینی بۆ قوتابخانەکە کرد، بەڵام هیچیان بۆ دەرنەکەوت.
 
عەلی عیزەدین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی کەرکووک، دەڵێت، پشکنین بۆ قوتابخانەکە کراوە؛ "هیچ سەرچاوەیەکی تیشکدەری زیانبەخش لە قوتابخانەکە نەدۆزرایەوە و سەلامەتە  و پشکنینەکان پاک دەرچوون. ئەگەر داوا بکرێتەوە ئامادەین دووبارە پشکنین بۆ قوتابخانەکە بکەینەوە."
 
بەرپرسی دەستەی چاودێریی نیشتمانی لە کەرکووک ئامادەیی خۆیان بۆ دووبارە پشکنین بۆ قوتابخانەکە دەربڕی. محەممەد هادی لە بەرپرسیار، گوتی: "بە ئامێری پێشکەوتوو پشکنینی تەواومان بۆ قوتابخانەکە کرد، دەرکەوت هیچ تیشکدانەوەیەکی زیانبەخش بوونی نییە."
 
سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک، بە رووداوی گوت: "گەر موختاری ئەو گەڕەکە بێتە لای ئێمەو ئەو کەسانە بێن کە توشی شێرپەنجەبوونە، ئێمە ئەو راپۆرتانە بەرز دەکەینەوە بۆ سەرووی خۆمان دووبارە لیژنەی بۆ دروست دەکەینەوە، ئەگەر بڕیاری لیژنەکە بیسەلمێنێ کە نەخۆشی تێدایەو هۆکارێکە بۆ توشبوونی خەڵک ئێمە ئەو بینایە دادەخەین."