هاونیشتمانییەکی خەڵکی کۆبانێ شێرپەنجەی قۆڵۆنی هەیە و پێویستی بە هاوکارییە

05 March 2025
هاونیشتمانییەکی خەڵکی کۆبانێ شێرپەنجەی قۆڵۆنی هەیە و پێویستی بە هاوکارییە

محەممەد مەحموود گەنجێکی خەڵکی کۆبانێیە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە. محەممەد تووشی شێرپەنجەی قۆڵۆن بووە و ماوەی دوو مانگە لەسەر جێگەیە و توانای کارکردنی لەدەستداوە.
 
پزیشکەکەی محەممەد دەڵێ، "نەشتەرگەری دیکەی پێویستە." خەرجیی نەشتەرگەرییەکە لە توانای ئەو خێزانەدا نییە.
 
ئەو هاونیشتمانییەی رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2013ـەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و لەساڵی 2020 ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئەمیرە محەممەد پێکهێناوە و خاوەنی کوڕێکن.
 
ئەو هاونیشتمانییە لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، داوای هاوکاری کرد بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی، گوتی "ماوەی دوو مانگە لەسەر جێگەم، کیسێکی دەرەکیم بۆ دانراوە و ئازارم دەدات. بەبێ یارمەتیی هاوژینەکەم، ناتوانم پێویستییەکانی رۆژانەم جێبەجێ بکەم. ئازارم زۆرە و رۆژانە دەرمانی ئازارشکێن بەکاردەهێنم. ژیانم سەختە و پێویستم بە هاوکارییە."

ئەمیرە هاوژینی محەممەدە، تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی هەمان شاری هاوژینەکەیەتی. لە بەرپرسیارەوە گوتی "هاوژینەکەم زیاتر لە سێ ساڵ نەخۆش بوو و نەمانزانیبوو. بژێویمان زۆر خراپە و پارەمان نییە هاتووچۆی نەخۆشخانە بکەین. هەموو خەرجییەکانمان لەسەر قەرزکردنە، نە من و نە هاوژینەکەم دەتوانین کار بکەین؛ کاسبکارمان نییە، هیچ کەسێکیش هاوکاری نەکردووین."

خێزانی محەممەد لە خانوویێکی کرێ بە مانگانەی 250 هەزار دینار لە ناحیەی بەحرکەی سنووری پارێزگای هەولێر دەژین. هاوژینی محەممەد گوتی "دوو کرێی خانوو قەرزارین و پارەی کارەبای موەلیدە و یەک ساڵی کارەبای گشتیمان نەداوە. بۆ چارەسەریی هاوژینەکەم قەرزی زۆرمان کردووە، زیاتر لە دەفتەرێک دۆلار قەرزارین جگە لە خەرجیی رۆژانەی مارکێت کە زیاتر لە هەزار دۆلارمان لەسەر کەڵەکە بووە، چونکە هیچ داهات و کاسبکارێکمان نییە."

محەممەد نەشتەرگەرییەکی دیکەی پێویستە و بە گوتەی پزیشکەکەی دوو نەشتەرگەریی دیکە کاریگەریی نەرێنییان لەسەری جێهێشتووە.
 
دکتۆر جەنگی شەوکەت، پسپۆڕ و راوێژکار لە نەخۆشییەکانی گرێ و شێرپەنجەی هەناو، لە بەرپرسیارەوە گوتی "نەخۆشیی محەممەد، قۆناخی سێیەمی شێرپەنجەی قۆڵەنە و لە شوێنی خۆی دەرچووە و تەشەنەکەی کردووە بۆ گرێ لیمفەکانی دەوروبەری. محەممەد لەسەر ئەرکی خۆی دوو نەشتەرگەری کردووە و گرێکەی بڕدراوە. کاریگەریی نەرێنی دوای نەشتەرگەری لەسەری دروستبووە و پێویستی بە نەشتەرگەریی دیکە هەیە."

دکتۆر جەنگی شەوکەت، گوتی "محەممەد بۆ ماوەی شەش مانگ چارەسەریی کیمیایی پێویستە و جارێک وەریگرتووە. چارەسەرییەکە بۆ ئەوەیە ئەگەر پاشماوەیەکی نەخۆشییەکە لە لەشی مابێ یان لە پشکنین دەرنەچووبێت، بە چارەسەریی کیمیایی لەنێودەچێت."