تاکسیی مۆدێل کۆن گران و مۆدێل بەرز هەرزان بووە

05 May 2025
تاکسیی مۆدێل کۆن گران و مۆدێل بەرز هەرزان بووە

دوای 11 ساڵ لە وەستانی تۆمارکردنی تاکسیی نوێ، حکومەت بە بڕیارێک تەنیا سێ هەرە دوایین مۆدێلی ئۆتۆمبێلی دەستنیشانکرد بۆ تۆمارکردن. بڕیارەکە گڕی لە بازاڕی تاکسی بەردا و نرخی تاکسی مۆدێل کۆنی بەرز و مۆدێل نوێی نزم کردەوە.
 
پسپۆڕێکی بواری هاتووچۆ دەڵێت، هێشتا بڕیارەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردن و لیژنە لە شارەکان پێکهاتوون و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەکەن ئایا بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی خەڵکە یان بە زیان دەشکێتەوە.
 
لە 28-4-2025 وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێندراوێکدا ئەو بڕیارەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بە واژووی بەڕێز رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێنمایی ژمارە (3)ی ساڵی 2025ی تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
بەپێی بڕیارەکە 74 جۆر ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی و هایبرد و 89 جۆر ئۆتۆمبێلی تەواو بەنزین دەتوانرێ بکرێنە تاکسی. 
 
لە پێشانگەی تاکسییەکانی سلێمانی، نرخی ئۆتۆمبێلی تاکسیی مۆدێل بەرز نزیکەی 4000 دۆلار دابەزیوە. ئەحمەد عەبدوڵڵا، مامەڵەکارێکی تاکسییە لە سلێمانی، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "دوای بڕیارەکە بازاڕمان نەما و کڕین و فرۆشتن وەستاوە. بڕیارەکە زیانی زیاترە و کتوپڕ بوو، راوێژ بە شۆفێرانی تاکسی، سەندیکا و مامەڵەکارانی تاکسی نەکراوە و ئاگایان لە شۆفێر و دۆخ و بژێوییان نییە. مۆدێل نزمەکان نزیکەی 1500 بەرز بووەتەوە."
 
هەوراز ستار، خاوەن پێشانگەیەکی تاکسی لە هەولێر، بڕیارەکەی بە "باش" ناوبرد و لە بەرپرسیار، پێشنیازی کرد تاکسیی خوار مۆدێل 2000 نەیەنە سەر شەقام.
هەوراز ستار، گوتی: "کێشەی زۆر لەکاتی گواستنەوەی لۆگۆی تاکسی دروستدەبێت. بە دوو کاژێر ئۆتۆمبێل رەقەم دەکەین، بەڵام بۆ لۆگۆکە زیاتر لە هەفتەیەکی پێویستە، ئاسانکاری لە لۆگەکە بکرێت باشە."
 
بڕیارەکەی حکومەت بۆ تۆمارکردنی تاکسی نوێ، نرخی بەشێک لەو ئۆتۆمبێلە تایبەتانەی بەرزکردووەتەوە کە بۆ کاری تاکسی دەشێن. ئیسماعیل حەیدەر، مامەڵەکاری ئۆتۆمبێلی تایبەت لە پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، بە رووداوی گوت: "دوای بڕیارەکە زۆرترین خواست لەسەر بیکاشۆ 'تۆیۆتۆ کۆرۆلا' مۆدێلەکانی 2023-2024 و 2025ـە و نرخی هەر ئۆتۆمبێلێک لەم مۆدێلانە 1000 دۆلار بەرزبووەتەوە. بە نمرە دوو خواست لەسەر جۆرەکانی MGیش زیادیکردووە."
 
مامەڵەکارانی تاکسی و خاوەن پێشانگەکانی دهۆک، هاوشێوەی هەولێر و سلێمانی، نایشارنەوە بڕیارەکە کاریگەری لەسەر جووڵەی بازاڕ داناوە و نرخی تاکسیی مۆدێل کۆنی بەرزکردووەتەوە و مۆدێل نوێی نزم کردووەتەوە.
 
هشیار دۆسکی، خاوەن پێشانگەیەکی تاکسییە لە دهۆک، لە بەرپرسیار، بڕیارەکەی بە "پەلە" ناوبرد و گوتی: "کڕین و فرۆشتن دوای بڕیارەکە نەماوە و بەتەواوی وەستاوە. خەڵکێکی زۆر زەرەرمەند بووە، زۆرینەیان ئەوانەن کڕین و فرۆشتن بە تاکسی دەکەن، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکیش نزیکەی 2500 تاوەکو 3000 دۆلار دابەزیوە. ئەوانەی کاری تاکسی دەکەن کەمدەرامەتن و گوناحە ئەو زیانە بکەن."
 
وەک هشیار دۆسکی باسیدەکات، کڕین و فرۆشتنی تاکسی وەستاوە و ئەگەر کەسێک بیەوێت بە پەلە تاکسییەکەی بفرۆشێت دەبێ بە زەرەرێکی زۆر بیفرۆشێت.
 
کەڤین حوسێن، پێشکێشکاری بەرپرسیار، لە سێ میوانی بەرنامەکەی پرسی، ئایا دوای دەرچوونی بڕیارەکە چەند گرێبەستی فرۆشتنیان کردووە؟؛ هشیار دۆسکی گوتی: "دوای بڕیارەکە هیچ گرێبەستێکمان نەکردووە". هەوراز ستار، گوتی: "دوای بڕیارەکە هیچ گرێبەستێکمان نەکردووە." ئەحمەد عەبدوڵڵاش، گوتی: "هیچ گرێبەستمان نەکردووە و بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێینەوە ماڵ."
 
پسپۆڕێکی بواری هاتووچۆ، "لەبەرچاوگرتنی دۆخی شۆفێرانی تاکسی" لە بڕیارەکە بە گرنگ ناودەبات. عەبدولقادر سدیق، عەمیدی هاتووچۆی خانەنشین، لە بەرپرسیار، گوتی: "هەر بڕیارێک دەردەچێ دەبێ دوای بانگهێشتکردنی پسپۆڕان و لێکۆڵینەوەی ورد، ئینجا بدرێت. تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، چەند لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە، چونکە بابەتێکی هەستیارە و لەم دوو رۆژە لیژنەکان کۆدەبنەوە، بزانن ئایا تاوەکو چ رادەیەک بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان پارێزراوە یان زیانمەند دەبن."
 
بەپێی رێنماییە نوێیەکە، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بە شێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنییان وەکو تاکسی دەبێت، لەوانە: ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنیا بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنیا بە گازی شل (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV)، ئاسانکاری تۆمارکردنیان وەکو تاکسی بێ رسومات بۆ کراوە وەکو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و دۆستی ژینگە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 75 هەزار تاکسی هەن.