لە کەرکووک چەند کەسێک زەویی حکومەتیان بە خەڵک فرۆشتووەتەوە
لە کەرکووک چەند کەسێک کە پارێزگاری کەرکووک بە "مافیای زەوی" ناوی بردوون، هەڵساون بە دابەشکردن و فرۆشتنەوەی زەویی حکومەت بە خەڵک، ئەو کەسانە هەر پارچە زەوییەکی 200 مەترییان بە 10 بۆ 15 ملیۆن دینار فرۆشتووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، کەسەکان هەندێک لە خزمەتگوزارییشیان بۆ زەوییەکان بردووە.
شارەوانیی کەرکووک هەڵمەتێکی بۆ تێکدان و رووخاندنی ئەو خانوو، دووکان و زەوییانە دەستپێکردووە کە زێدەڕۆن، بەڵام بەشێکی خاوەن خانووە زێدەڕۆکان دەڵین، "جیاوازی دەکرێت."
عەلی شێرزاد، خاوەن خانووی زێدەڕۆیە و خانووەکەی لێ تێکدراوە، لە بەرپرسیار گوتی، "لەنێو مانگی رەمەزان خانووەکەمیان رووخاند، هەرچەندە بڕیار هەیە ئەو خانووانەی سەقفیان گیراوە نەڕووخێندرێن، بەڵام خانووی من سەقفیشی گیرابوو. نزیکەی 5 ملیۆن دینار زیانم بەرکەوتووە. زەوییەکەشم بە 9 ملیۆن دینار کڕیوە و زێدەڕۆیە. جیاوازی کراوە لە تێکدانی خانووەکان، قایمقام جیاوازیی کرد."
بەڕێوەبەری بەشی زێدەڕۆ لە شارەوانیی کەرکووک، لە بەرپرسیار جەختیکردەوە، ئەو خانووانەی سەقفیان گیراوە و پێش 2023 دروستکراون و زێدەڕۆن، "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تێکنادرێن."
یەحیا نوورەدین، بەڕێوەبەری بەشی زێدەڕۆ لە شارەوانیی کەرکووک گوتی، "نازانرێت ئەو گرووپە مافیایەی زەوی کێن، چەند کەسن و لە کوێن، تاوەکو ئێستا 11 کەسیان لێ دەستگیر کراوە و گەڕان بەشوێن ئەوانی دیکەش بەردەوامە. ئەو کەسانەی زەوییان لەو گرووپە کڕیوە و زێدەڕۆن، خانوو دروستنەکەن، چونکە تێکدەدرێت، دەبێت بچن سکاڵا لەسەر گرووپەکە تۆمار بکەن."
سەڵاح عەلی، بەڕێوەبەری کەرتی 1 و 3ی زێدەڕۆ لە شارەوانیی کەرکووک، رەتیدەکاتەوە جیاوازی کرابێت لە تێکدانی خانووە زێدەڕۆکان و دەڵێت، "جیاوازی نەکراوە و هەر کەسێکیش تەنانەت ئەگەر کارمەندی خۆشمان بێ و جیاوازی بکات، رێکار دژی دەگرینەبەر؛ بەڵام نەفس نزم و پارەدۆست هەر هەیە. مافیاکان دەیان رێگەی جیاوازی فێڵ دەدۆزنەوە بۆ رازیکردنی خەڵک و فرۆشتنی زەوییەکان."
بهشی بكه لە