لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە دەکرێت

08 April 2024
لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە دەکرێت

لە ماوەی 41 رۆژدا بۆ دووەمجار بازاڕی لەنگەی هەولێر ئاگری گرت. بەشێکی دووکاندارانی بازاڕی لەنگە دەڵێن، ئاگرەکە لە سێ شوێنی بازاڕەکە و بە "ئەنقەست" کراوەتەوە. 

ئەنجوومەنێکی بازاڕەکەش لە کارنەکردنی کامێرای چاودێریی بازاڕەکە لە ساتی ئاگرکەوتنەوە بە گومانە.

ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە نزیکەی 50 دووکانی سووتاند. بە 17 تیمی ئاگرکوژێنەوە توانرا دوای چەند کاژێرێک کۆنترۆڵ بکرێت.

ئیبراهیم سەعید، یەکێک لەو دووکاندارانەی کە دووکانەکەی سووتا، لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی، "بەهۆی کێشەی نێوان سیکوریتییەکان بازاڕەکە سووتاوە."

سامان سەروەت، یەکێکە لە ئەنجوومی بازاڕەکە، بە گومانە لە کارنەکردنی کامێرای چاودێریی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە و دەڵێت، "پێم وایە سیکوریتیی پێشوو لەگەڵ ئەوانەی ئێستا پێکهاتوون ئینجا نازانم چەندیان وەرگرتووە و هاتن و دەستبەکاربوون. گومانمان هەیە لەو کامێرانە کە بۆچی ئیشیان نەکردووە."

سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: هیچ دەستێکی ئەنقەست لە ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمڕۆی بازاڕی لەنگەدا نییە و ئەوە تەنیا قسەی ئەو دووکاندارانەیە کە زیانیان بەرکەوتووە.

لە ئاگرەکەی پێشووی بازاڕی لەنگەی هەولێر 166 دووکان سووتان و تاوەکو ئێستاش قەرەبوو نەکراونەتەوە. سەندیکای پیشەوەران و کاسبکاران لە هەوڵدایە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە زیانبەرکەوتووان قەرەبوو بکرێنەوە.