بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کچ و کوڕێک بە جلی بووک و زاوا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

09 January 2024
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کچ و کوڕێک بە جلی بووک و زاوا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

سەرەتای ئەم ساڵ چەند ڤیدیۆیەکی کوڕ و کچێک بە جلی بووکێنی، کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە بەهۆی نیمچەڕووتبوونی جلی بووک.

کچ و کوڕەکە کاری مۆدێل دەکەن و هاوژینی راستەقینەی یەکدی نین، بەڵکو کارەکەیان بەرامبەر گرێبەستێک لەگەڵ فۆتۆگرافەرێکی خەڵکی زاخۆ بە پارە کردووە. ئەو کچ و کوڕە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و نیشتەجێی شاری هەولێرن، دەڵێن، "ڤیدیۆی کامێرا بڵاونەکراوەتەوە و ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە بەبێ رەزامەندی بووە و ڤیدیۆکان بە نهێنی گیراون و پشت کامێرا بووە."

سەدەف قادری، مۆدێل دەڵێت، "کارەکە بەو شێوەیە نەبوو کە کراوە، بڕیار نەبوو سنگی من نمایش بکرێت. نەدەبوو ڤیدیۆی مۆبایل بڵاوبکرێتەوە. دەبوو ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە بڵاوبکرێتەوە کە شاڵێک لەسەر شانم بوو، ئەوەندە سنگم لە دەرەوە نەبوو. دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە سێ رۆژ گریام، یەک هەفتە نانم نەخوارد، کەسوکارم حاشایان لێکردم. نامەی هەڕەشەی زۆرم بۆ دێت."

سەردار عەبدولوەهاب، ئەو فۆتۆگرافەرەیە کە ڤیدیۆکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "سەدەف خۆی ئەو جلەی هەڵبژارد و ئەو جلە رووتەم هەڵنەبژارد، من جلێکم هەڵبژارد کە رووت نەبوو. پارەم پێداون و مافی خۆمە ڤیدیۆکان بڵاوبکەمەوە. ئەو کچ و کوڕە زیانی زۆریان لێداوم."

یادگار مەحموود، مۆدێل، کە لە ڤیدیۆکان رۆلی زاوا دەبینێت، دەڵێت، "ئەو شتانەی کرا، بە خواستی ئێمە نەبوو، بەڵام ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە بە مۆبایل بووە لە کاتێکدا کامێرایان هێنابوو، لە کاتێکدا لەگەڵ سەدەف گاڵتەمان دەکرد، بەڵام ئەوان ڤیدیۆیان تۆمار دەکرد و ئێمەش ئاگادار نەبووین. لە دەست ماچکردنەکان بڕیاربوو رەسم بگرین، بەڵام بە ڤیدیۆ بڵاویان کردبوویەوە. هیچ ڤیدیۆی کامێرا بڵاونەبووەتەوە. تکامان لێیان کرد ڤیدیۆی مۆبایلەکان بسڕنەوە. بڕیارمان داوە سکاڵا لەسەر فۆتۆگرافەرەکە تۆمار بکەین."