دایکی سێ منداڵ بەهۆی شێرپەنجەوە لەسەر جێگە کەوتووە و داوای هاوکاری دەکات

09 April 2024
دایکی سێ منداڵ بەهۆی شێرپەنجەوە لەسەر جێگە کەوتووە و داوای هاوکاری دەکات

دایکی سێ منداڵ شێرپەنجەی گرتووە و لە دۆخێکی سەختدا دەژی

شەهێن محەممەد، دایکی سێ منداڵە و نزیکەی دوو ساڵە شێرپەنجە بە هەموو لەشیدا بڵاوبووەتەوە. شەهێن دۆخی زۆر خراپە و وەک خۆی باسی دەکات، لە منداڵەکانی دوورکەوتووەتەوە و ناتوانێت بخەوێت، ناتوانێت خواردن بخوات و لەسەر جێگە کەوتووە.

شەهێن دەڵێت: ئاو لە سنگم کۆدەبێتەوە و دوو رۆژ جارێک دەبێت ببرێمە نەخۆشخانەی سۆران بۆ دەرکردنی ئاو لە سنگم. 20 رۆژ جارێک چارەسەری کیمیایی وەردەگرم. بەشێکی دەرمانەکان نرخیان گرانە و توانام نییە بیکڕم. داوای هاوکاری دەکەم بۆ رزگاربوون لە نەخۆشییەکەم.

هاوژینی شەهێن پێشمەرگەیە و لە دەوامەکەی مۆڵەتی کردووە بۆ ئەوەی خزمەتی هاوژین و سێ منداڵەکەی بکات. ئەو خێزانە لە گوندی رەژوکەریان لە سنووری سۆران نیشتەجێن.

دکتۆر سامی سەلیم، پزیشکی پسپۆڕی چارەسەرکردنی گرێ و شێرپەنجە دەڵێت: نەخۆشییەکەی شەهێن گەیشتووەتە قۆناخی 4، ئەم قۆناخەش چاکبوونەوەی نییە تەنیا دەتوانرێت بە دەرمان رێگری لێبکرێت.