لە هەولێر گەنجێک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا

07 May 2024
لە هەولێر گەنجێک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا
 
 
لە شەقامی 100مەتریی هەولێر گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ کوژرا. کەسوکاری کارزان محەممەد هۆکاری کوشتنەکەی بۆ "خوازبێنی" کچێک دەگەڕێننەوە.
 
سەلام مەغدید، مامی کارزان، دەڵێت، ساڵێک لەمەوپێش چوومە خوازبێنی کچێک، گوتم، "ئەو کوڕە و ئەو کچە یەکدییان دەوێت و دەمانەوێت بێینە پێش و خزمایەتی بکەین. ئەوان گوتیان نادەین. دوو سێ جاری دیکە خەڵک چوون، هەر نەیاندا".
 
دوای رەتکردنەوەی خوازبێنییەکەی، کارزان محەممەد هاوژینی پێکهێناوە. بە گوتەی سەلام مەغدید، ئەو کچەی کارزان خوازبێنی کردبوو قسەی لەگەڵ کارزان کردووە و گوتوویەتی لە هاوژینەکەت جیابووەوە من هاوژینیت لەگەڵ دەکەم. دواتر کارزان لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە.
 
ماڵی کوژراو و تۆمەتباران لە قەزای مەخموورن. مامی کارزان چۆنێتی کوژرانی برازاکەی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە، "شەو قسەم لەگەڵ کارزان کرد گوتی برای کچەکە گوتوویەتی وەرە و خوشکی خۆمت دەدەمێ. پێم گوت نەچی، کەچی سبەی ئەو هەر رۆیشتبوو، بە دوو گولـلە کوشتیان. کارزان پلانی نەبووە و ئەو کچە وازی لێنەهێناوە، داوای لە کارزان کردووە هەڵیگرێت برازاکەم رەتیکردووەتەوە."
 
سێ کەس لە رووداوەکە تۆمەتبارن و دەستگیرنەکراون. ئەردەڵان ئەحمەد، پارێزەری راوێژکار، دەڵێت: "کچ و کوڕەکە گەیشتوونەتە 18 ساڵ و دەیانتوانی بەبێ ئامادەبوونی کەسوکاریان لە دادگە گرێبەستی هاوژینی پێکبهێنن. بەپێی گوتەی مامی تاوانلێکراو، ئامادەکاریی پێشوەختە هەبووە و رقی کۆن هەبووە لە رووداوەکە. رووداوەکە دەچێتە باری مادەی 406 بڕگەی یەک، هەر سێ تۆمەتبار بڕیاری لەسێدارەدان دەیانگرێتەوە، ئەمە بۆچوونە و دوا بڕیار بۆ دادگەیە."