زیانلێکەوتووانی لافاو لە کەرکووک: ماڵەکانمان وێران بوون و کەس بە هانامانەوە نایەت

11 December 2025
زیانلێکەوتووانی لافاو لە کەرکووک: ماڵەکانمان وێران بوون و کەس بە هانامانەوە نایەت
دوای 24 کاژێر لە لافاوی گەڕەکەکانی شۆراو و رەحیماوا لە کەرکووک، هێشتا زۆربەی ماڵە زیانلێکەوتووەکان پڕن لە قوڕ و لیتە و خەڵکەکەی بێ ماڵ و حاڵن. لەم رووداوەدا، ژنێکی تەمەن 73 ساڵان گیانی لەدەستدا، ئاو چووە نێو نزیکەی 30 ماڵ و زیانێکی زۆری مادی بەجێهێشت.
 
بڕیار جەبار، یەکێک لە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەیە و باس لەوە دەکات، ئەمە پێنجەمین جارە لافاو گەڕەکەکەیان دەگرێتەوە. ئەو دەڵێت: "ماڵی خۆم، باوکم و برام، تەنیا توانیمان خۆمان رزگار بکەین. زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە."
 
بڕیار جەبار لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "پاککردنەوەی مەنهۆڵەکان چارەسەری دۆخەکە ناکات. دروستبوونی لافاو لە گەڕەکەکەمان چاوەڕوانکراوە و ئاو لە سەرووی گەڕەکەکەمانەوە دێت. پەیوەندیم بە ئاوەڕۆی کەرکووکەوە کرد، گوتیان تیممان لە شوێنی دیکەن و تیممان نییە."
 
بڕیار بەمشێوەیە ساتی دروستبوونی لافاوەکە دەگێڕێتەوە؛ "لە ماڵ نەبووم بە پیادە بەنێو ئاو هاتمەوە ماڵ، دیوارێکمان وەک بەربەست دروستکردبوو، لەگەڵ هێزی ئاوەکە رووخا، هاوژینەکەم و دایکم لە ژوورەوە بوون، توانیمان رزگاریان بکەین، ئەگەر لە ماڵ نەبووینایە، کارەسات روویدەدا."
 
بڕیار گلەیی لە لایەنە فەرمییەکان دەکات: "پەیوەندیم بە ئاوەڕۆی کەرکووکەوە کرد، گوتیان تیممان نییە. جگە لە تیمێکی خێرخوازی، هیچ لایەنێکی حکومی بە هانامانەوە نەهاتووە."
 
تیمێکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەستیان بە پاککردنەوەی ماڵەکان کردووە و ناوی زیانلێکەوتووان تۆمار دەکەن. شێرزاد مەجید، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە کەرکووک، لە بەرپرسیار گوتی، هاوکارییەکانیان پاککردنەوە، هەڵسەنگاندنی زیانەکان و، دابینکردنی پێداویستی وەک بەتانی، دۆشەک و خۆراک لەخۆدەگرێت.
 
لە لافاوەکەی شۆراو، دەیان ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتن. کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە کەرکووک بە سێ قۆناخ هاوکاریی زیانلێکەوتووان دەکەن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی کەرکووک هۆکاری سەرەکیی لافاوەکە بۆ دروستکردنی خانووی زێدەڕۆ لەسەر رێڕەوی ئاو و چەم دەگەڕێنێتەوە. زاگرۆس گلی، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی کەرکووک دەڵێت: "پێشتر شوێنی شۆراو چەم بووە و خانووی لەسەر دروستکراوە. لە ساڵی 2023 پلانێکمان بۆ گۆڕینی رێڕەوی ئاوەکە داوەتە وەزارەت، بەڵام تاوەکو ئێستا بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە."
 
شێرزاد مەجید، گوتی:" زۆربەی کەلوپەلی نێوماڵەکان لەنێوچوون و هاوکارییان دەکەین لە هێنانەدەرەوە و پاککردنەوە. کێشەیەکمان تووشبووە، لەنێو گەڕەکەکە قوڕ و لیتەیەکی زۆر کۆبووەتەوە و ئەگەر ئاو بەکاربهێنین مەنهۆڵەکان دەگیرێن، دەبێ چاوەڕێبکەین وشکبێتەوە. سبەی هەڵسەنگاندنی زیانەکان دەکەین. لە قۆناخی سێیەم پێشکێشکردنی هاوکارییە کە بریتین بەتانی، رایەخ، سەرین، دۆشەک و خۆراک."
 
بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی کەرکووک، رەتیدەکاتەوە کە تیمەکانیان لە شوێنی رووداوەکە نەبووبن و دەڵێت: "سێ رۆژە خۆم و تیمەکانمان لەوێین، بەڵام لافاوەکە لە توانای ئێمە بەدەر بوو."
 
لە لافاوەکەی گەڕەکی شۆراو ژنێکی 73 ساڵان لەنێو ماڵەکەی خۆی بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا. کرێکارێکیش لەکاتی پاککردنەوەی مەنهۆلەکان کارەبا گرتی و برینداربوو. دەیان ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشت.