بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیایی 36 ساڵە لەسەر جێگەیە

بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیایی 36 ساڵە لەسەر جێگەیە

جەمال حوسێن، بەرکەوتەی چەکی کیمیایی ‌هێرشی ساڵی 1988ـە و بریندارە، 36 ساڵە لەسەر جێگەیە، نزیکەی شەش ساڵە کۆنترۆڵی میز و پیسایی لەدەستداوە و دوو برای رۆژانە خزمەتی دەکەن.

ئومێد، برای جەمال حوسێنە، دەڵێت، براکەم لەو کاتەی برینداربووە تاوەکو ئێستا ناتوانێت کۆنترۆڵی میزی بکات، ئێستا دۆخی زۆر خراپە، رۆژانە 7 دایبی بۆ بەکاردەهێنین، 18 نەشتەرگەریمان بۆ کردووە و دۆخی باش نەبووە. 

ئەو خێزانە ئۆتۆمبێل، زەوی و ماڵیان فرۆشتووە بۆ چارەسەری جەمال. ئومێد حوسێن دەڵێت، "ئێستاش خەرجیی براکەم لە توانامان دەرچووە، تەنیا دەمانەوێت براکەم چارەسەر بکرێت."

بە گوتەی براکەی جەمال، چارەسەری لە ئەڵمانیا هەیە و تێچووی زۆرە. هەروەها باسی ئەوە دەکات کە خەرجیی رۆژانەی براکەی نزیکەی 80 دۆلارە. 

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت، ئاگاداری دۆخی جەمال حوسێنین، چەندین جار داوامان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە جەمال بنێرنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەری، بەڵام وەڵام نەبووە.

ئەو بەرپرسە ئاماژە بەوەش دەکات، دۆخی هەموو بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی خراپە و سالانە نزیکەی 9 بەرکەوتوو گیان لەدەستدەدەن.