لیژنەی فتوا: ئەو مزگەوتانەی لاری لە قیبلەکانیان هەیە، نوێژەکان تێیدا دروستن

17 December 2025
لیژنەی فتوا: ئەو مزگەوتانەی لاری لە قیبلەکانیان هەیە، نوێژەکان تێیدا دروستن
ترێندی گووگڵ ئێرز بۆ دیاریکردنی قیبلەی مزگەوتەکان لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، ئەندازیارێک دەڵێت، زۆربەی مزگەوتەکان لاری لە قیبلەکانیان هەن. وەزارەتی ئەوقاف ئاگاداری نوێژخوێنان دەکاتەوە، هەر مزگەوتێک لاری لە قیبلەیان هەیە ئاگاداریان بکەنەوە.
 
ئەندازیار هەردەوان دیاری، چەند ساڵێک کاری لەسەر ئاراستەی قیبلەی مزگەوتەکان کردووە و لە بەرپرسیار گوتی: "6 ساڵە لە بواری ئاراستەی قیبلەی مزگەوتەکان کار دەکەم، نزیکەی 6 مانگ لێکۆڵینەوەم لەسەر قیبلەی مزگەوتەکان کرد، بۆم دەرکەوت 50 و 100 مزگەوت قیبلەیان لارن. بەشێکی مزگەوتەکان زیاتر لە 16 پلە لاری لە ئاراستەی قیبلەیان هەیە. تەنانەت بەشێکی مزگەوتە نوێیەکانیش ئاراستەی قیبلەیان دروست نین."
 
ئەبوبەکر تاهیر، سەرۆکی ئەندازیاران لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە 2010ـەوە ئامێری GPS بۆ وەزارەت دابینکراوە. پێشتر بەشێوەی کلاسیک و قیبلەنما ئاراستەی مزگەوتەکان دەستنیشان دەکران. بەشێکی مزگەوتەکان قیبلەیان لارە راست دەکرێنەوە. لەدوای هاتنی ئەو ئامێرە، 98٪ـی قیبلەی مزگەوتەکان دروستن. ئەوانی لارن بەشێوەی راکێشانی خێت یان راستکردنەوەی مافوورەکان، ناکرێ هەموو ئەو مزگەوتانەی قیبلەیان لارە بڕووخێندرێن. زۆربەی ئەو مزگەوتانەش قیبلەیان لارن، کۆنەکانن."
 
یەکێک لەو کەسانەی ڤیدیۆکان تۆماردەکات، مامۆستا رێبینە لە ناحیەی بالیسان، ئەو بە مۆبایلەکەی کردارەکە دەکات، تاقیکردنەوەی بۆ مزگەوتی ناحیەکەیان و زۆربەی مزگەوتە بەنێوبانگەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. لە بەرپرسیار، گوتی: "زیاتر مزگەوتە کۆنەکان قیبلەیان لارە، چونکە لەوانەیە بە شێوەی ئەزموون ئاراستەی قیبلەی دیاریکرابێ، ئاساییە دەتوانن ئەوقاف سەیری بکەن بۆ راستکردنەوە.
 
پرسیاری سەرەکیی نوێژخوێنان، لەبارەی دروستبوون و گیرابوونی نوێژ و نزاکانە لەو مزگەوتانەی قیبلەیان لارن.
 
عیمادەدین فائیز، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای لیژنەی فتوای کوردستان، لە بەرپرسیار، دڵنیایی دایە نوێژخوێنان و گوتی: "ئەو بابەتە تەشویشی لە هەندێ مزگەوت دروستکردووە. گرنگە رووت لە شاری مەککە بێت. واجبە لاریی قیبلەی مزگەوتەکان راستبکرێنەوە. هەر نوێژێکیش لەو مزگەوتانە کراوە کە لاری لە قیبلەکانیان هەن، دڵ لە دڵ نەدەن و نوێژەکانیان دروستە."