زیاتر لە هەزار کۆتر لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لەنێوچوون

18 February 2024
زیاتر لە هەزار کۆتر لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لەنێوچوون

پێنج تاوەری کۆتر کە هێلانەی زیاتر لە 75 هەزار کۆترن لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، بەهۆی "بارانبارینی زۆر"ـەوە رووخاون و زیاتر لە هەزار کۆتر لەنێوچوون و سەتان کۆتریش بریندار بوون. 

ئەندازیاری میسری سەرپەرشتی دروستکردنی تاوەرەکانیان کردووە. بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەڵێت، ئاوهەوای هەرێمی کوردستان لەگەڵ میسر جیاوازە و لە دروستکردنەوە و دیزاینی نوێ دەبێت رەچاوی کەشوهەوا بکرێت.

ئەردەڵان عومەر، سەرپەرشتیاری باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەڵێت، رووخانەکە بەهۆی "بارانبارینی زۆر"ـەوە بووە، تاوەرەکان چوار ساڵە دروستکراون. ساڵانەش نۆژەنکردنەوە بۆ تاوەرەکان کراوە. 

تاوەرەکان لە خۆڵ و قوڕکاری دروستکراون و ئاو چووەتە نێویانەوە، "تاوەرەکان بەنێوبانگن و تەمەنیان تاوەکو 100 ساڵ دەڕوات".

ئەشرەف ماهیر، پسپۆڕی دروستکردنی باخچەی ئاژەڵان و سەرپەرشتیاری دروستکردنی تاوەری کۆترەکان لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەڵێت، "تاوەرەکان زۆر ئاویان هەڵمژیوە و پڕئاو بوون و بەرگەیان نەگرتووە. پێشبینی بارانبارینێکی زۆر و چوار رۆژمان نەکردووە لە هەولێر. تاوەرەکان لە هەمان کەرەستە دروستدەکەینەوە، بەڵام سەرپۆشێک لەسەری زیاد دەکەین بۆ پاراستنیان".

فەرمان فازڵ، سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵپارێزی کوردستان، رەخنە لە "کەموکوڕی دروستکردنی تاوەرەکان" دەگرێت و دەڵێت، "تیمێکمان پێکهێنا و سەردانی باخچەکەمان کرد و بەهاوئاهەنگی ئیدارەی باخچە لەسەر هێڵین بۆ چارەسەری کۆترە بریندارەکان. ناکرێت شتێکی بەوشێوە گەورەیە دروستبکەیت و رەچاوی بارانبارین نەکەیت".