20 ساڵە دانیشتووانی گوندێکی سنووری هەولێر چاوەڕێی قیرتاوکردنی کۆڵانەکانیانن
رووداو دیجیتاڵ
گوندی بەردحوشتر 300 ماڵ تێیدا نیشتەجێن لە سنووری پارێزگای هەولێر، 20 ساڵە چاوەڕێن کۆڵانەکانیان قیرتاو بکرێن. موختاری گوندەکە دەڵێت: "دوو نوسراومان لە پارێزگای هەولێرە و رەزامەندی دابینکردنی بودجەی وەرنەگرتووە".
بەردحوشتر 15 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە. محەممەد عیسا، دانیشتوویەکی گوندەکەیە و لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "لە 2014 قیرتاوکردن بۆ دوو گوندی دراوسێمان هات و تەنیا بۆ گوندی ئێمە نەهات. قیرتاونەکردنی گوند کێشەی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە."
سەعدی یوونس، تەمەنی 71 ساڵە و یەکێکە لە بەتەمەنەکانی گوند، بە رووداوی گوت: "10 سەرۆکی عێراقم بینی، لەسەردەمی نووری سەعیدەوە تاوەکو ئێستا کۆڵانەکانی گوند خۆڵن."
گوندەکە نزیکەی 300 ماڵن. گوندنشینان لەسەر ئەرکی خۆیان دوو پردی کۆنکرێتییان دروستکردووە و بەشێک لە رێگە سەرەکییەکانی گوندەکەشیان چەوڕێژ کردووە.
وەرزی زستان قوڕ و لیتە و لافاو، لە وەرزی هاوینیش تۆز و خۆڵ، دانیشتووانەکەی هەراسانکردووە. ئازاد سەعید دانیشتوویەکی گوندەکە، بە رووداوی گوت: "وەرزی زستان بەهۆی قوڕەوە و هاوین بەهۆی تۆز و خۆڵەوە زۆر هیلاکین. داوا لە حکومەت دەکەین سەردانێکی گوندەکە بکات و چارەسەریی قیرتاوەکەمان بۆ بکات."
لە 26-10-2021 بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی رێگەوبان دەرخستەیەکی کردووە بۆ پارێزگای هەولێر، داوای تەرخانکردنی بڕی 452 ملیۆن و 458 هەزار و 400 دیناری کردووە بۆ قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی گوندی بەردحوشتر بە درێژایی 4 کیلۆمەتر بۆ 16 کۆڵانی گوندەکە.
لە 21-07-2024 بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر دەرخستەیەکی بۆ پارێزگای هەولێر کردووە و داوای رەزامەندی گوژمەی 356 ملیۆن و 857 هەزار 920 دیناری کردووە بۆ قیرتاوکردنی رێگەی گوندی بەرحوشتر بە درێژایی 2.806 م. لەسەر بودجەی پەرەپێدان.
تۆڵا مەهدی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە، بە رووداوی گوت: "دوو نووسراومان بۆ پارێزگای هەولێر کردووە و نووسراوی دووپاتکردنەوەشمان بۆ ناردوون. جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تەنیا لەسەر رەزامەندیی بودجە ماوە."
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر هۆکاری وەرنەگرتنی رەزامەندیی دوو دەرخستەکە بۆ پارێزگای هەولێر دەگەڕێنێتەوە. شێرکۆ فارووق لە بەرپرسیار، گوتی: "ئەگەر پارێزگا بودجەی بۆ دابین بکات پڕۆژەکە دەچێتە تەندەر، ئەرکی ئێمە جێبەجێکردنە و چاوەڕێی دابینکردنی بودجەین. لەسبەینێوە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی دوو دەرخستەکە دەکەین."
ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر رێگەی زیاتر لە 10 گوند قیرتاو کراون. کارەکانی قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی 8 گوند بەردەوامە.
بهشی بكه لە