باوکێک بە یەک گورچیلەوە شەڕی بژێویی بۆ سێ کچە ئۆتیزمەکەی دەکات
ماڵێکی کەمدەرامەت لە چەمچەماڵ بارانی بەخووڕ، نەخۆشی و هەژاری لێیان کۆبوونەتەوە و ژیانیان تاڵبووە. سێ منداڵی ئۆتیزمیان هەن.
حازم ئەحمەد، باوکی منداڵەکانە و رۆژانەی خۆی بە فرۆشتنی توور و سەوزە، کە داهاتەکەی دوو بۆ چوار هەزار دینارە، پەیدا دەکات، تەنیا یەک گورچیلەی هەیە و هەموو رۆژێکیش توانای چوونە سەر کاری نییە.
حازم و هاوژینەکەی گریبەستی هاوژینییان نییە و نە خۆی، نە هاوژینەکەی، نە هیچ منداڵێکیشی ناسنامەیان نییە. تەنانەت بەشەخۆراکی مانگانەشیان نییە و هیچ مووچەیەکیشیان نییە.
حازام ئەحمەد، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "سێ کچە ئۆتیزمەکەم جار هەیە دەڕۆن لە ماڵ و تاوەکو 2 رۆژ ناگەڕێنەوە و ون دەبن. هەر پێنج منداڵەکەم دایبیان پیویستە و خەرجییان قورسە."
کچە گەورەکەی ئۆتیزمە بە رێژەی 100٪ و تەمەنی 15 ساڵە. لەناو ئەم دیوارە شێدار و ساردانەی نێو ماڵی حازم لە گەڕەکی حەمامە کۆنەکە، چیرۆکێک هەیە کە تەنها هەژاری نییە، بەڵکو کۆژانێکی قووڵە کە زمان لە ئاستیدا دەوەستێت.
بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی چەمچەماڵ، لە بەرپرسیار گوتی: "سێ مانگە هەوڵمان داوە ناسنامەیان بۆ دەربکەین، بەڵام لە فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی چەمچەماڵ کارەکانیان رایی ناکرێت چونکە ناسنامەی ئەو خێزانە کەرکووکن و دەبێ کەسوکاری ئەو خێزانە هاوکارمان بن."
ئەم خێزانە لە پێنج خوشک و دایک و باوکێک پێکدێن. باوکێک کە بە تاقە گورچیلەیەکیەوە شەڕی بژێوی دەکات و، دایکێک کە نەخۆشی غودە تەنگی پێ هەڵچنیوە، بەڵام گەورەترین ئازاری ئەم ماڵە لە چاوی منداڵەکاندا دەبینرێت؛ لە پێنج کچەکەیان، سێیان گیرۆدەی ئۆتیزمن. نە دەتوانن قسە بکەن، نە دەوروبەری خۆیان دەناسنەوە.
گەورەی منداڵەکان 15 ساڵە و بچووکەکەیان تەنها پێنج مانگ؛ بارانبارینی بەخووڕ، نە خواردنێکی بۆ هێشتنەوە و نە یارییەک کە ساتی تەنیایی ئەو منداڵە بێدەنگانەی پێ پڕ بکرێتەوە. لەم ماڵەدا، بێدەنگیی ئۆتیزم و هاواری هەژاری تێکەڵ بوون. تەنانەت دابینکردنی قوتووە شیرێک بۆ کۆرپە پێنج مانگەکە، بووەتە خەونێکی مەحاڵ.
بەهێز سابیر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی، لە بەرپرسیار بەڵێنی بە خێزانەکەدا 'کرێی یەک ساڵی خانوو، تەواوی کەلوپەلی نێوماڵ و ئازووقەی 6 مانگ' بۆ خێزانەکە دابین بکەن.
بهشی بكه لە