شارەوانیی سلێمانی: ژمارەی ئەو گەڕەکانەی خزمەتگوزارییان نییە، زۆر زۆرن و پارە نییە بۆ خزمەتیان
گەڕەکی کانیاو لە سلێمانی، پێچەوانەی ناوەکەی، تۆڕی ئاوی خواردنەوەی نیشتمانیی نییە. مام عومەر لە حەفتاکانی تەمەنیدایە و چەند ساڵێک لەمەوبەر بە هیوای خۆشگوزەرانی لە گوندەوە هاتووەتە ئەو گەڕەکەی سلێمانی، بەڵام ئێستا ماڵەکەی لە نێوجەرگەی شارە و خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆی نییە.
عومەر رەسووڵ، دانیشتووی گەڕەکی کانیاو لە سلێمانی دەڵێت، "خزمەتگوزاری ئەوەیە کە دەیبینیت، من شتی باشم دەوێت و نییە ،ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆ هیچیان نییە، ماڵ و منداڵی من و هەموو خەڵک بەدەست ئەم قوڕاوەوە دۆخیان خراپە."
دانیشتووانی گەڕەکە نوێیەکانی سلێمانی هەموویان گلەیی و ناڕەزایەتییان لە کەمیی خزمەتگوزاری هەیە، چونکە بەشێکیان هیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە و بەشەکەی دیکەیان خزمەتگوزاریی کەمیان هەیە؛ ئاو، ئاوەڕۆ، قیرتاوی شەقامەکان و کارەبا داوای هەموویانە.
عەلی عەبدولقادر، شۆفێر دەڵێت، "جیاوازی نەکراوە، هەموومان بێ خزمەتین. 370 ماڵین و خۆمان یەکی 300 هەزار دینارمان داوە تاوەکو زێراب دروست بکەین."
محەممەد ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی کانیاو ئاماژەی بەوە کرد، "منداڵ دەبێت عەلاگە لەپێ بکات لەبەر قوڕاو، ئاومان نییە، هەفتەی یەک تانکەر ئاومان بۆ دێت."
قەیرانی دارایی و نەبوونی پارە رێگرن لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و پرۆژە بۆ گەڕەکە بێ خزمەتگوزارییەکان، شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، گەر پارە هەبێت، بێ وچان دەستی خزمەت دەگاتە هەموو گەڕەکەکان.
زەردەشت مەحموود، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، "ئەو گەڕەکانەی خزمەتگوزارییان نییە، زۆر زۆرە ژمارەیان، بۆیە دەبێت خزمەت بکرێن، بەڵام پارە نییە، لەبەر بێ پارەیی ناتوانین خزمەتیان بکەین، بەڵام زۆربەیان ئەم ساڵ ئاوەڕۆمان بۆ راکێشاون."
بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی بەهۆی پێنەدانی پارە بە بەڵێندەر، لە ساڵی 2011 پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی بە نیوەناچڵی جێهێڵدراوە، دابینکردنی پارە تاکە هیوایە بۆ وەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکان لە هەموو سێکتەرەکان.
بهشی بكه لە