73 گەنجی کورد لە لیبیا دەستگیرکراون
73 گەنجی کورد کە زۆربەیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕینن، لە لیبیا دەستگیرکراون. کەسوکاری ئەو گەنجانە داوای گەڕاندنەوەیان دەکەن. باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێت، رێکارە یاساییەکان تەواوکراون و چاوەڕێی لایەنی لیبیان بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران.
سەرگوڵ بائۆمەر، دایکی بارزانە، یەکێک لە گەنجە دەستگیرکراوەکان کە تازە پرۆسەی دەستنیشانکردنی هاوژینی کردووە و جێیهێشتووە، لە بەرپرسیار، گوتی: "کوڕەکەم پێی گوتم دۆخم زۆر خراپە و فریامان بکەون. 15 رۆژە هیچ هەواڵێکی نییە و نزیکەی 6 مانگە لە لیبیایە."
بەپێی نامەیەکی دەنگیی یەکێک لە گەنجە دەستگیرکراوەکان کە بۆ کەسوکارەکەی ناردووە و دەست رووداو کەوتووە، ئەو گەنجە دەڵێت،"دەمرین لێرە، خواردن نییە، هەموو کەناڵ و بەرپرسان بهێننە سەرهێڵ، کەسی وا هەیە 20 شەوە شەهادە دەهێنێت و خەریکە دەمرێت لە برسان."
کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، ئاگاداری دۆخی گەنجە دەستگیرکراوەکانە. بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەکە، لە بەرپرسیار، گوتی: "بڕیاربوو لیستی ناوە دەستگیرکراوەکانمان بۆ بێت، بەڵام نەهات. پێویستبوو 25 لە گەنجەکان ئیستا لە هەرێمی کوردستان بوونایە. ئەوەی هەیە لە هەرێمی کوردستان دەڵاڵن، قاچاخچییە گەورەکان لە هەرێمی کوردستان نین. کەسوکاری گەنجەکانیش کەمتەرخەمن، دەبێ بزانن منداڵەکەیان رادەستی کێ دەکەن."
باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، لە نامەیەکدا بۆ کەسوکاری گەنجە گیراوەکان رایگەیاندووە، ئەوان هەموو رێکارە یاساییەکانیان تەواو کردووە و چاوەڕێی لایەنی لیبیان بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران.