شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

23 April 2025
شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.
 
شارەوانیی کەلار بەنیازە شوێنی دووکانەکانی سەنتەری شار بکاتە سەوزایی. دووکانەکان موڵکی شارەوانین و لە 2002 بە شێوەی "موساتەحە" دراونەتە دووکانداران. بەشێکی دووکانەکان بە کرێ لەنێوان 300 بۆ یەک ملیۆن دینار دراونەتە دووکانداران، کە هەر دووکانێکیان بژێویی دوو تاوەکو سێ خێزانی لەسەرە.
 
محەممەد قادر، دووکاندارە و کرێچیی شارەوانییە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "15 رۆژە شارەوانی ئاگاداری کردووینەتەوە دووکانەکان چۆڵبکەین، ئێمە چۆڵی ناکەین." گوتیشی: "ئێمە دژی جوانکردنی شار نین، بەڵام دەبێ دۆخی ئێمەش لەبەرچاو بگرێ و بێکار نەکرێین، ئێمە ئەو کاتە چۆڵی دەکەین کە قەرەبوو بکرێینەوە."
 
محەممەد فەرەج، 25 ساڵە لە بازاڕەکە کاری کڕین و فرۆشتنی گەنم دەکات، ناڕازییە لە بڕیارەکە. بە هونەری حەمید، پەیامنێری رووداوی گوت: "ئێستا بڕیارە بماننێرنە پشت ناوچەی پێشەسازیی، ئەو شوێنە گونجاو نییە بۆ ئێمە، کەس نایەت بۆ ئەو شوێنە عەلاگەیەک شت بفرۆشێت، بۆ کڕینی پێنج کیلۆ ئارد یان بۆ فرۆشتنی فەردەیەک ئارد نایەت بۆ ئەوێ، ئەم ئیشەی ئێمە لەناو بازاڕ دەکرێت بۆ ئەو شوێنە نابێت."
 
نوێنەری دووکاندارە کرێچییەکانی کەلار، لە بەرپرسیار داوای لە شارەوانیی کرد "بێکار" نەکرێن.مەولوود عەلی گوتی: "22 ساڵە لەو بازاڕە کار دەکەم. دوو ساڵ پێش ئێستا شارەوانی بەڵێنی دا قەرەبوو بکرێینەوە، تائێستا نەکراوە، نازانین کەی قەرەبوو دەکرێینەوە. هەر دووکانێک بژێویی زیاتر لە دوو خێزانی لەسەرە و نامانەوێ بێکار بکرێین و زۆربەی دووکاندارە کرێچییەکان بە تەمەنن و ناتوانن بچن کرێکاری بکەن. ئێمە رازین هەر دووکانێکی شوێنی نوێ دابەشی دوو بکرێ و بدرێتە دوو دووکان."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە شارەوانیی کەلار، ئەو شوێنە نوێیەی کە بۆ دووکاندارانی بازاڕەکە دەستنیشان کراوە "باشتر و فراوانترە" لە شوێنی ئێستایان.
 
عەباس حوسێن، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە شارەوانیی کەلار لە بەرپرسیار، گوتی: "دووکانەکانی ئێستا 9 مەترن، بەڵام شوێنە نوێیەکە هەر دووکانێک 40 مەترە و فراوانترە. هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێن، بەڵام سەرەتا خاوەن موڵکەکان قەرەبوو دەکرێنەوە، پاشان دەبێ بازاڕەکە چۆڵبکرێ و قۆناخی دووەم کرێچییەکان قەرەبوو دەکرێنەوە."
 
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار، بە رووداوی گوت: "ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین خاوەن دووکانەکان قەرەبوو وەربگرن. کۆمەڵێک دووکانداری دیکەش لەوێ هەن، کە کرێچین و ژمارەیان 130 کەسە. ئەوانیش ناویان تۆمار دەکەین و هەوڵدەدەین شتێک بۆ ئەوانیش بکەین، بەڵام پێشینە بۆ خاوەن موڵکەکانە."
 
262 دووکانەکەی سەنتەری کەلار بە 'گەنمفرۆشەکان' ناسراون و موڵکی شارەوانیی کەلارە، زیاتر لە 20 ساڵە بە کرێی ساڵانە دراونەتە کاسبکاران.