7 ملیۆن دۆلاری پڕۆژەیەک لە هەولێر دیارنەماوە و 11 ساڵە تەواو نەکراوە

23 December 2025
7 ملیۆن دۆلاری پڕۆژەیەک لە هەولێر دیارنەماوە و 11 ساڵە تەواو نەکراوە
ئالان تاوەر، 11 ساڵە بەنیوەچڵی جێهێڵدراوە. 320 کەس لە پڕۆژەکە شوقەیان کڕیوە. هاوبەشێکی پڕۆژەکە 7 ملیۆن دۆلاری پڕۆژەکەی بردووە و خاوەنەکەیشی دەڵێت، ئامادەم پڕۆژەکە تەواوبکەم ئەگەر 18 دۆنم زەویی تەنیشت پڕۆژەکەم پێ بدرێت.
 
سابیر سەلیم، یەکێک لە خاوەن شوقەکانی پڕۆژەکە، لە بەرپرسیار گوتی: "8 دەفتەر دۆلاری پڕۆژەکەم داوە و هەموو قیستەکانم داوە. زێڕی هاوژینم و هەموو موڵکم فرۆشت بۆ شوقەکە، ئێستا لە کرێ دەژیم. کاتێ شوقەکەم کڕی گەنج بووم، ئێستا پیربووم."
 
لە کۆی 9 باڵەخانەی پڕۆژەکە، کە 320 شوقەن، 145 خانوو تەواوکراون و 3 باڵەخانەیان 70٪ و 6 باڵەخانەش 40٪ـی کارەکانی کراون. بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکەش 12 ملیۆن دۆلار پێویستە.
 
گرێبەستی پڕۆژەکە موساتەحەی شارەوانییە و 700 ملیۆن دینار قەرزی گرێبەستی شارەوانی لای وەبەرهێنە. شارەوانیش بۆ گواستنەوەی گرێبەستی پڕۆژەکە بۆ سەر وەبەرهێنان دانی ئەو قەرزە دەکاتە مەرج.
 
سامان عارەب، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر بە رووداوی گوت: "هەموو رێکارە یاساییەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە تەواوکراون و لەگەڵ شارەوانی لە گفتوگۆداین بۆ گۆڕینی گرێبەستەکە بۆ سەر وەبەرهێنان، بابەتی فراوانکردنی پڕۆژەکەش ئێستا سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ وەزیری شارەوانی هاوئاهەنگی دەکات، هەر بڕیارێک لەوانەوە دەربچێت ئێمە پابەندین."
 
پڕۆژەکە لەسەر 20 دۆنم زەوی دروستکراوە. سەردار ئاکرەیی، خاوەنی پڕۆژەکە، لەبەرپرسیار، گوتی: "هاوبەشەکەم 7 ملیۆن دۆلاری پڕۆژەکەی برد. ئەگەر 18 دۆنم زەویی بۆ پڕۆژەکە فراوان بکرێت، کێشەکە چارەسەر دەبێت و ئامادەم قەرزی گرێبەستی شارەوانی بدەم و دەست بە پڕۆژەکە بکەمەوە."