کەسێک بە بردنی دەیان ملیۆن دۆلار تۆمەتبار دەکرێت

24 April 2024
کەسێک بە بردنی دەیان ملیۆن دۆلار تۆمەتبار دەکرێت
 
 
لەبەردەم دادگەی هەولێر بەشێک لەو هاوبەشانەی کە وەک خۆیان باسی دەکەن پارەیان بە کۆمپانیایەک داوە کە بنکەی سەرەکی لە ئیماراتە و لقی لە هەولێرە، گردبوونەوە. کەسێک بە بردنی 35 ملیۆن دۆلار تۆمەتبار دەکرێت.
 
تاریق محەممەد، هاوڕێی تۆمەتبارە و یەکێک لە سکاڵاکارەکانە، دەڵێت: "حەوت مانگە لەگەڵ کۆمپانیای سەلوانا دایمۆند کاردەکەم، زیاتر لە 30 ساڵە بەڕێوەبەرەکە دەناسم، بەڵام ئەو رۆیشتووە بۆ بەریتانیا و پارەکەی بردووە، زیاتر لە 80 کەس لە کەسوکارم پارەیان بە کۆمپانیاکە داوە."
 
عەبدولقادر محەممەد، ئەو کەسەی کە تۆمەتبار دەکرێت و وەک لقی هەولێری کۆمپانیاکە خۆی دەناسێنێت، رەتیدەکاتەوە هیچ بڕە پارەیەکی لەو کەسانە وەرگرتبێت.
 
عەبدولقادر محەممەد، سکاڵالێکراو، دەڵێت: "ئەو قسانەی سکاڵاکاران بنەمای نییە. بەردەوام یارمەتی تاریقم داوە. پارەم لە هیچ کەسێک وەرنەگرتووە، هەرکەسێک پارەی بۆ سەلوانا شێر ناردووە مانگانە پارەی بۆ هاتووەتەوە وەک قازانج، لقی کۆمپانیاکەی من [سەلوانا دایمۆند] پەیوەندی بەو کارانەوە نییە کاری وەبەرهێنانە و مۆڵەتم هەیە."
 
ئەحمەد فەرهاد، بەشداربوویەکی کۆمپانیاکەیە، ئەو رەتیدەکاتەوە هیچ لایەنێک "خەتابار" بن. "بەدواداچوونم بۆ کۆمپانیاکە کرد و دەرکەوت بنەمای هەیە، نزیکەی 20 لقی لە وڵاتان هەیە. شەش دەفتەرم داخل کردووە، بەڵام پارەکە مانگانە بۆت دەهات لەوانەیە زیاتر لەو بڕەشمان وەرگرتبێت. بە دەقە و کاژێر پارەکە دەهاتە سەر ئەکاونتەکەت."