چیرۆکی سەختیی ژیانی خێزانێکی حەوت کەسی لە خانوویێکی تەواونەکراو لە کەلار

24 December 2025
چیرۆکی سەختیی ژیانی خێزانێکی حەوت کەسی لە خانوویێکی تەواونەکراو لە کەلار

شەهلا محەممەد، دایکی چوار کوڕی نەخۆش و کچێکە. وەک خۆی دەڵێت، نەشتەگەریی کردووە و توانای کارکردنی نێوماڵیشی نییە. لە خانوویێکی تەواونەکراو بێ دەرگە و پەنجەرە و بە نایلۆن داپۆشراو دەژین. سەرما تینی بۆ هێناون و توانای دابینکردنی خەرجیی چارەسەریی پزیشکییان نییە.

هاوژینی شەهلا پۆلیسە و نەخۆشیی بڕبڕەکانی هەیە. شەهلا محەممەد لە بەرپرسیار، گوتی: "بۆ خەرجیی چارەسەریی پزیشکی، بۆ خۆم، هاوژینم و منداڵەکانم تاوەکو ئێستا 3 دەفتەر دۆلارمان قەرزکردووە. ئەم هەیکەلەش 15 ملیۆنمان قەرزکرد و دروستمان کرد. ئێستا خاوەن قەرزەکان زۆریان بۆ هێناوین و داوای پارەکەیان دەکەنەوە."

ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی- گەرمیان، ریگەیاند: "لە نزیکەوە دۆخی ئەو خێزانەمان بینی و بژێوییان سەختە. خانووەکەیان مەرجی سەلامەتی تێدانییە و لە رێگەی خێرخوازانەوە هەوڵدەدەین تەواوی بکەین. قسەمان لەگەڵ پزیشکی منداڵەکانی شەهلا کردووە بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن. لەگەڵ خاوەن قەرزەکانیش قسە دەکەین بۆ ئەوەی کاتی دانەوەی قەرزەکانیان درێژبکەنەوە."

ئەو خێزانە لە گەڕەکی حەمرین لە کەلار دەژین. بۆ هەر خێرخوازێک دەیەوێت هاوکارییان بێت دەرگەیان کراوەیە. شەهلا دەڵێت، گرنگترین شت بۆ ئێستامان بکرێت، چارەسەرکردنی نەخۆشیی منداڵەکان و دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانە.