ژنێک لە کەرکووک لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە بە تیزاب دەسووتێنرێت

25 January 2026
ژنێک لە کەرکووک لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە بە تیزاب دەسووتێنرێت
دایکی سێ منداڵ لە کەرکووک، لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە لەنێو ماڵی باوکی بە تیزاب دەسووتێنرێت. پۆلیسی کەرکووک تۆمەتباری دەستگیرکردووە، بەڵام چارەنووسی یاسایی پەیوەستە بە سکاڵای فەرمیی حەنانەوە، کە ئێستا بەهۆی سووتانی 30%ی جەستەیەوە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.

رووداوەکە رۆژی هەینیی رابردوو لە ماڵی باوکی ژنەکە روویدا، کاتێک هاوژینی پێشووی حەنان سەردانی دەکات و دوای بردنی منداڵەکانی و گەڕاندنەوەی، دەبەیەکی تیزاب بەسەر جەستەیدا دەکات.

حەنان یوسف، تەمەنی 38 ساڵە، کە ئێستا لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک چارەسەریی پزیشکی بۆ سووتاوییەکەی وەردەگرێت، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە گوتی: "ساڵ و نیوێکە بە شێوەی تاکلایەنە لێی جیابوومەتەوە. داوای لێکردم بگەڕێمەوە لای و گرێبەستی هاوژینی نوێ بکەینەوە، بەڵام من رەتمکردەوە چونکە زۆر ستەمی لێدەکردم و بەردەوام لێیدەدام."

دوای رووداوەکە، پۆلیسی کەرکووک لە ماوەی دوو کاژێردا تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکرد. عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، بە رووداوی گوت: "تۆمەتبار بەپێی ماددەی 405/31 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە." بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر ژنەکە سکاڵا تۆمار نەکات، تۆمەتبار ئازاد دەکرێت، بەڵام ئەگەر سکاڵا بکات، رووبەڕووی سزای تا سەرووی 20 ساڵ زیندانیکردن دەبێتەوە."

سێ منداڵەکەی حەنان، ئێستا لای هاوژینی یەکەمی تۆمەتبار دەژین. ساجیدە ئەکرەم، هاوژینی یەکەمی تۆمەتبار، لە بەرپرسیار، گوتی: "رۆژی هەینی خواردنم ئامادە کرد، هاوژینەکەم هاتەوە و سێ منداڵی حەنانی لەگەڵ خۆی هێنا و گوتی، دەچمە مزگەوت و منداڵەکان لات بن، دوای نانخواردن، پۆلیس هاتە نێو ماڵ و نەمدەزانی چی بووە. هاوژینەکەم دوو جار بە چەقۆ لە منیشی داوە."

رێژەی سووتاوی حەنان 30٪ـیە و لەژێر چاودێری پزیشکی دایە. بەگوێرەی پزیشکانی نەخۆشخانەی ئازادی، حەنان تووشی سووتانی قووڵی پلە دوو بووە لە دەموچاو، مل، سنگ و قۆڵەکانیدا و پێویستی بە چوار بۆ پێنج نەشتەرگەری هەیە.

باخەوان حەبیب، بەڕێوەبەری ئێشکگر لە بەشی سووتاوی نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک، لە بەرپرسیار، گوتی: "حەنان پێویستی بە چاودێری پزیشکی هەیە.".

ئەحمەد یوسف، برای حەنان، نیگەرانیی خۆی لە هەڕەشەکانی تۆمەتبار پیشاندا و گوتی، "پێشتر هەڕەشەی لێکردبوو کە سەقەتی دەکات. تەنانەت دوای دەستگیرکردنیشی، ئەمڕۆ یەکشەممە لەنێو زیندانەوە پەیوەندیی کردووە و دووبارە هەڕەشەی کردووە. پەیوەندیم بە پۆلیسەوە کرد گوتیان بڕۆن دووبارە سکاڵا بکەن. داوا دەکەم پارێزگار و پۆلیس لەسەر ئەم کەیسە بێنە سەرهێڵ."

حەنان یوسف، داوا لە پۆلیسی کەرکووک و وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەکات، "مافی ون نەبێت" و  "تۆمەتبار لە زیندان دەرنەچێت تاوەکو سزا دەدرێت". ئێستا هێرشکار لەسەر سکاڵای حەنان لە بنکەی پۆلیسی ئازادی دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.


بەرپرسیار، 
لەم بەرنامەیەدا فۆکەس لەسەر کێشەی خەڵک دەکرێت. پاڵەوانی سەرەکی خەڵکن و زۆرترین ماوەی بەرنامەکە دەدرێتە ئەوان. لە هەر بەرنامەیەکدا باسی کێشەی کەسێک یان گرووپێک یان ناوچەیەک دەکرێت. بەشێکی بەرنامەکە تەرخاندەکرێت بۆ چارەسەری کێشەکە. هەروەها کۆمێنتی خەڵکیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەردەگیرێن.

زۆرجار پێشکەشکار خۆی دەچێتە شوێنی کێشەکە، بەدرێژایی بەرنامە پێشکەشکار هەوڵدەدات چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە. بۆیە پێشتر ساوندبایتی کەسێکی یاساناسی وەرگرتووە کە ئەویش پێشنیاز بۆ خاوەن کێشەکە دەکات کە چی بکات بۆئەوەی کێشەکەی چارەسەرببێت.

ئەو بەرنامەیە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات و عەدنان رەشید پرۆدیوسەری بەرنامەکەیە، پێنج رۆژی هەفتە (یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە) کاژێر 18:00 بە کاتی هەولێر پەخشدەبێت.