قایمقامی چەمچەماڵ: لە شەممەوە تیم دەنێرین بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکان

25 December 2025
قایمقامی چەمچەماڵ: لە شەممەوە تیم دەنێرین بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکان

لافاو رێگەی دەیان گوندی لە سنووری چەمچەماڵ بڕی و 18 پرد زیانیان بەرکەوت. بەشێک لە گوندەکان هاتووچۆیان بەتەواوی لەگەڵ شار پچڕا و گوندنشینان داوای بەهاناوەچوون دەکەن. قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، "لە شەممەوە تیم دەنێرین بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکان."

جومعە عومەر، ئەنجوومەنی گوندی محەبارام، لە بەرپرسیار، گوتی: "پردی گوندەکەمان رووخاوە و هاتووچۆ پەکی کەوتووە. کە هاتینە بەرنامەکە، بە پەیژە بەسەر پردە رووخاوەکە کەوتین و هاتین."

عەبدوڵڵا دەروێش، دانیشتووی گوندی چنگینە، باسی لەوەکرد: "هاتووچۆمان زۆر سەخت بووە و ترسمان هەیە باران ببارێت جونکە رێگە دادەخرێت. پردەکە سەقەتی دروستکراوە، نەخۆشمان هەبوو یەک هەفتە لە گوند گیری خواردبوو، شۆڤڵمان هێنا و رێگەمان کردەوە."

عەلی محەممەد، دانیشتوویەکی گوندی ژاڵە ئاماژەی بەوەکرد: "15 گوند رێگەیان لەسەر ئەو پردە رووخاوەیە، نوێنەری هەموو گوندەکان سەردانی بەرپرسانی سنوورەکەیان کردووە و داوامان کردووە پردەکەمان بۆ چاک بکەن، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە. داوا لە حکومەت دەکەین پردێکی باشمان بۆ دروستبکەن."

قایمقامی چەمچەماڵ، بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی هاتووچۆ و کردنەوەی رێگەکانی بە گوندەکانی سنوورەکەی دا.

ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "لە رێگەی رووداوەوە کێشەی هاتووچۆی گوندەکانم پێگەیشت. لە شەممەوە تیم رادەسپێرم بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکان بەشێوەی کاتی و دەرخستەش بۆ دروستکردنەوەی ئەو پردە کراوە بە بڕی 85 ملیۆن دینار و دروستدەکرێتەوە. هەر گوندێک کێشەی هەیە پەیوەندیمان پێوەبکەن."