کەسێک هەوڵی سووتاندنی ئۆتۆمبێلێک دەدات؛ کێشەکە کۆنە و لەسەر میراتە
رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی موفتی شاری هەولێر، کەسێک بە 'تەنەر و بەنزین' هەوڵی سووتاندنی ئۆتۆمبێلێک دەدات، دوای گڕگرتنی دوای ماوەیەکی کەم، خاوەن ماڵ دێتە دەرەوە و ئاگرەکە دەکوژێنێتەوە.
دوای رووداوەکە خاوەن ماڵ سکاڵا لەسەر هێرشکارەکە تۆماردەکات. هێرشکارەکەش دەڵێت، "کێشەکە کۆنە و ئەوان زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلاری ئێمەیان خواردووە."
هەردوولا کەسوکاری یەکدین. ئارام مەغدید خاوەن ئۆتۆمبێلەکە کوڕە خاڵی سکاڵالێکراوە، بە رووداوی گوت، "پێشتر بابەتی میرات لە دادگە یەکلایی کراوەتەوە و بەڵگەمان هەیە کە ئەوان مافی تەواویان وەرگرتووە. بەڵام دوای کۆچی دوایی دایکیان وازناهێنن و ماوە ماوە هێرش دەکەن."
سکاڵالێکراو، کوڕە پووری ئارامە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەرێمی کوردستانی جێهێشتووە. ئیدریس یابە، رەتیدەکاتەوە بابەتەکە لە دادگە کۆتایی هاتبێت و گوتی، "ئەگەر بابەتەکە بە وردی لێکی بدەمەوە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلاری ئێمەیان خواردووە. بریکارنامەی دایکمیان ساختەکردووە و بەناوی خۆیان کردووە، هەموو موڵکەکانی ئێمەیان بەناوی خۆیان کردووە و فرۆشتوویانە. ئامادەم کێشەکە بە گفتوگۆ چارەسەر بکەم بەڵام ماڵی خاڵم ئامادەنین دابنیشین و کێشەکە چارەسەر بکەین."
یوونس حەسەن، پارێزەرێکە لە بەرنامەی بەرپرسیار باسی لەوە کرد، "بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکە و تەشەنە نەکردنی، دەبێت بە ئاشتی و کۆمەڵایەتی چارەسەری بکەن. "هەر لایەنێک لەو کێشەیە بەڵگەی هەیە دەتوانێت پێشکێشی دادگەی بکات و دادگە لێکۆڵینەوەی خۆی دەکات".
بهشی بكه لە