لە کەرکووک بۆ ماوەی سێ هەفتە هاوردە و هەناردەکردنی ئاژەڵ قەدەخە کرا

27 April 2025
لە کەرکووک بۆ ماوەی سێ هەفتە هاوردە و هەناردەکردنی ئاژەڵ قەدەخە کرا

زۆرترین حاڵەتی مردن بە تای خوێنبەربوون تاوەکو ئەمڕۆ بە چوار مردن لە کەرکووک تۆمارکراوە. بەرپرسانی ئیداریی شارەکە کۆمەڵێک بڕیاریان دا؛ لەنێویدا قەدەخەکردنی هاوردە و هەناردەکردنی ئاژەڵ بۆ ماوەی 21 رۆژ. چاودێریی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، هەر شوێنێک گۆشتی بێ مۆر بفرۆشێت دەستی بەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەی رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بینای ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بوو. ئەو بڕیارانەی کە دران بریتی بوون لە؛

هاوردە و هەناردەی ئاژەڵ لە کەرکووک تاوەکو 21 رۆژ قەدەخەیە.

ڤێتێرنەریی کەرکووک هەڵمەتی رشاندنی دەرمان لە هەموو قەزا و ناحیەکان بەڕێوەدەبات.

سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و کۆڵانەکان بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

بڕیارەکە ناڕەزایەتیی بەشێکی گۆشتفرۆشانی کەرکووکی لێکەوتەوە. رێبوار ئیسماعیل، گۆشتفرۆش، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "نەخۆشییەکە کارەساتێکی گەورەی دروستکردووە و خەڵک ترسی لە کڕینی گۆشت هەیە و کێشە بۆ خاوەن خواردنگەکان دروستبووە و کڕین و فرۆشتنی گۆشت وەستاوە و خەڵکێکی زۆر زیانی کردووە.  ماوەی قەدەخەکردنەکە زۆرە و خەڵکێکی زۆر زیان دەکەن."

وەک رێبوار ئیسماعیل، باسیدەکات، هەندێ ئاژەڵدار هەن کە ئاژەڵەکانیان نەخۆشە سەری دەبڕن و پارچەی دەکەن، دەیهێننە نێو بازاڕ و "بە هەرزانتر دەیدەنە گۆشتفرۆشەکان یان خواردنگەکان".

لەنێو شاری کەرکووک 25 تیم بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەمڕۆی شارەکە بڵاوەی پێکراوە و لە ماوەی 21 رۆژ رێکارەکانیان بۆ "بنبڕکردن"ـی تای خوێنبەربوون چڕدەکەنەوە.

دکتۆر عەلی جەمیل، بەڕێوەبەری بەشی چاودێریی تەندروستی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، لە بەرپرسیار، گوتی: "پارێزگاری کەرکووک فەرمانیکرد تیمەکان زیادبکرێن و سەردانی کۆڵان، گەڕەک، قەزا و ناحیەکان بکرێن."

دکتۆر عەلی جەمیل گوتی، هەر گۆشتێک مۆری پێوەنەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت و گۆشتەکە دەنێرینە ڤێتێرنەری، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەگەر خاوەنەکەی بۆ دوومجار دووبارەی کردەوە، ئەوا "رەوانەی دادگەی دەکەین."

نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە ساڵی 1970ـەوە سەریهەڵداوە. وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە دوو وەرزدا'بەهار و هاوین' لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی پێکهێناوە، نەخۆشییەکە بەهۆی گەنەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

هاشم محەممەد، بەڕێوەبەری بەشی ئاژەڵداری لە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک، لە بەرپرسیار، گوتی: "بەرهەمە شیرەمەنییەکان مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشییەکەیان نییە، چونکە گەرم دەکرێنەوە و ڤایرۆسەکە لە پلەی 60 ی سیلیزی دەمرێت. هەروەها گۆشتیش لە پلەی 40ـی سیلیزی ڤایرۆسەکەی ناوی دەمرێت. گۆشتی خاویش لە ماوەی 48 کاژێردا ئەگەر لە ساردکەرەوە دابنرێت ڤایرۆسەکە دەمرێت. ئەمانە رێکاری خۆپارێزین و دەبێ لەبارچاوی بگرین."

لە کەرکووک دەنگۆی ساخکردنەوەی کۆمەڵێک ئاژەڵی نەخۆش لە مەیدانی ئاژەڵان بڵاوبووەتەوە. هاشم محەممەد، لەمبارەوە دەڵێت: "لیژنەمان پێکهێناوە و لەشار و گوندەکان، نەخۆشییەکە لە ئاژەڵ دەرناکەوێت تاوەکو لە تاقیگە پشکنینی بۆ نەکرێت. بەڵام لە مرۆڤ نیشان دەدات و نیشانەکانی زۆرن. لە رێگەی تیمەکانمانەوە بە ئاژەڵداران دەڵێین، ئەوانەی دەیانەوێت ئاژەڵ بفرۆشن لە عەلوەی فەرمی بیفرۆشن کە پشکنینی فەرمی بۆ دەکرێت. لە سەربڕخانەکانیش پێش سەربڕین پشکنین بۆ ئاژەڵەکە و بۆ گۆشتەکەش دەکرێت."

لە کەرکوو تاوەکو ئەمڕۆ 4 کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترین حاڵەتی مردنە بەراورد بە هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق، 6 حاڵەتی تووشبوونیش تۆمارکراوە.