سۆران؛ پڕۆژە تەواونەکراوەکان دانیشتووانی چەند گەڕەکێکیان نیگەران کردووە
بەشێکی کۆڵانەکانی گەڕەکی بەختیاری هەڵکەندراون و بەتەواونەکراوی جێهێڵدراون، دانیشتووانی گەڕەکەکە گلەیی لە خراپی دۆخیان بەهۆی دروستنەکردنی ئاوەڕۆی سندووقی دەکەن. سەرۆکی شارەوانیی سۆران، دەڵێت، پڕۆژەکە دراوەتە بەڵێندەرێکی دیکە و جێبەجێ دەکرێت. باس لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکانی کۆڕەک، باپشتیان و کەورینیش دەکات.
کۆڵانە هەڵکەندراو و جێهێڵدراوەکان بوونەتە نیگەرانیی سەرەکیی خەڵک. گەیلان کەریم، یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکی بەختیاری لە بەرپرسیار، گوتی: "ئاوەڕۆی گەڕەکەکەمان بۆنی ناخۆشە و ئاوەڕۆی گەڕەکەکانی دیکە دێتەوە بەر ماڵان، تاوەکو ئێستاش هیچ چارەسەرێک نەکراوە."
فاخیر تەتەر، هاونیشتیمانییەکی دیکەی هەمان گەڕەکە و دەڵێت، خانووەکەی لە مەترسیدایە: "هەر بارانێک ببارێت، خانووەکەی من دادەڕمێت. کۆمپانیاکە شۆفڵی لە بنمیچی خانووەکەم داوە و جێیهێشتووە. ئەگەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ناچارم ماڵەکەم چۆڵ بکەم."
پرۆژەی قیرتاوکردن و دانانی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی بەختیاری بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک و 450 ملیۆن دینار بە کۆمپانیایەک سپێردرابوو، بەڵام وەک قایمقامی سۆران دەڵێت، کۆمپانیاکە پابەند نەبووە و پرۆژەکەی لێ وەرگیراوەتەوە.
رەجەب زوبێر، قایمقامی سۆران، بە رووداوی گوت: "دەبوو کۆمپانیاکە لە مانگی 10ی رابردوو پرۆژەکە تەواو بکات، کەچی کەمتر لە 30%ی کارەکانی کردووە. بۆیە بڕیارماندا پرۆژەکەی لێ وەربگرینەوە و بیخەینە لیستی رەشەوە."
کێشەی پرۆژە تەواونەکراوەکان تەنیا گەڕەکی بەختیاری نەگرتووەتەوە، بەڵکو گەڕەکەکانی کۆڕەک، باپشتیان و کەورینیش هەمان کێشەیان هەیە.
ئەندازیار بژار سەعید، سەرۆکی شارەوانیی سۆران، لە بەرپرسیار، گوتی: "پرۆژەی گەڕەکی بەختیاری لە کۆمپانیای پێشوو وەرگیراوەتەوە و دراوەتە کۆمپانیایەکی دیکە کە لەم رۆژانەدا دەست بە کارەکانی دەکات. هەروەها دەرخستەی دووەمیش بۆ دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی بۆ گەڕەکەکە کراوە."
سەرۆکی شارەوانیی سۆران ئەوەشی خستەڕوو کە کارکردن لە کۆڵانەکانی گەڕەکی کەورین بەردەوامە و بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار کارکردن لە کۆڵانەکانی باپشتیان و کۆڕەک دەکرێت، "دانیشتنمان لەگەڵ کۆمپانیا کردووە، ئەگەر دەست بە کار نەکاتەوە، دەدرێتە کۆمپانیایەکی دیکە.
بهشی بكه لە