بێستوون تۆک - جێنین پلاسخارت

بێستوون تۆک - جێنین پلاسخارت

جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، میوانی ئەمجارەی بەرنامەی بێستوون تۆک بوو.

جێنین لەسەرەتای بەرنامەکەدا گوتی زۆر دڵخۆشم ئەمڕۆ لێرەم و ئەمە یەکەمجارە دێمە سۆران.

لەبارەی پرسی مووچە و بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی "بێگومان ئەوەی کە روودەدات رەوا نییە دەرحەق بە خەڵکی کوردستان. ئەگەر تەماشا بکەیت، دەرحەق بە هیچ کەسێک رەوا نییە مووچەی پێ نەدرێت، لە کاتێکدا 
کە ئەویش چاوەڕێی ئەوەیە داهاتی خۆی هەبێت و ژیانێکی شایستە بژی. ئەوە مافی هەموو کەسێکە. ئەگەر تەماشای دوایین رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بکەیت لەسەر بودجە گوێت لە هەندێک کەس دەبێت کە بە دەستکەوتێکی گەورەی لە قەڵەم دەدەن. گوێت لە هەندێک کەسی دیکەش دەبێت کە ئەسڵەن بە دەسکەوتی نازانن. بەڵام وابزانم راستییەکە ئەمەیە کە ئەم رێککەوتنە باشترین بژاردە بوو وەک چارەسەرێکی کاتی."

نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی پێشێلکاریی وڵاتان لە عێراق کرد و گوتی "چوار مانگ جارێک لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش باسی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەم و هەمیشە لە گوتارەکانمدا باس لە پێشێلکارییەکان دەکەم ئەگەر هەبن، لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ بەغدا و هەولێر کارمانکردووە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە مووشەکبارانکردنی زیاتری ئێرە لەلایەن ئێرانەوە، لەبارەی تورکیاشەوە لە ناخی دڵمانەوە هیواخوازین رێگەیەکی هاوشێوە بگرینەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان ئاسای سیحریی نییە و پێویستە لایەنە فەرمییەکان کاری بۆ بکەن.

هەر لەسەر پرسی نەدانی مووچەی فەرمانبەران، پلاسخارت لە وەڵامی دەردە دڵی یەکێک لە خوێندکارەکاندا کە گوتی باوکم خانەنشینە و 8 مانگە مووچەی وەرنەگرتووە گوتی "هەست بە شەرمەزاری دەکەم و خەجاڵەتم."

نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆشداریی دایە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و دەڵێت "پێویستە کار بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانتان بکەن، ئەگەر دەتانەوێت خزمەتی خەڵک بکەن، پێویستە یەکگرتوو بن و بەیەکەوە کاربکەن، لە 2021 ئەو یەکگرتووییە نەبوو، ئەگەر راستیشتان دەوێت ئێستا دۆخەکە زۆرباشتر نییە، هەرچەند تروسکایەکی ئومێد هەیە، زۆر زۆر گرنگە لایەنەکان بەیەکەوە کۆببنەوە، مەرج نییە لەسەر هەموو شتەکان رێکبکەون، بەڵام پێویستە لەسەر یەک بە یەکی بەرژەوەندییەکانی خەڵک بگەنە رێککەوتن."

جێنین پلاسخارت لەبارەی مەترسی جەنگێکی نوێ لە عێراق گوتی "منیش گۆتە گۆتێکم بیستووە، بەڵام با ئومێد بکەین کە شتێکی وا نییە، منیش هیچ شتێکی وا نابینم کە جەنگێکی نوێ لە عێراق رووبدات، با هیواخواز بین هەموو عێراق ببێتە سەکۆییەک بۆ دایالۆگ و لەگەڵ سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی و لایەنە فەرمییەکانی هەولێر، عێراق دەیەوێت دووربکەوێتەوە لە کێبڕکێی هەژموونی وڵاتانی سێیەم، ئەمە قسەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیشە لەگەڵ هەموو وڵاتان و پێموایە دەبێت ئەمە رۆحیەتەکە بێت."

نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی هەناردەکردنی نەوتەوە دەڵێت "ئاگاداری ئەوەم کە عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە و ئێمەش چاوەڕێین هەناردنەکە دەستپێبکاتەوە."

یەکێک لە خوێندکارەکان لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق پرسیاری لە جێنین پلاسخارت کرد، بەڵام ئەو گوتی "هیچ قسەیەکم لەبارەی بێلایەنیی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نییە، بەڵام پێموایە دەبێت بڕیارەکانی بەشێوەیەک بن کەس نەتوانن تانەیان لێبدات، لە دۆخێکی ئاساییدا ئەمە دەبێت، بەڵام کاتێک لایەنە سیاسییەکان بۆ پرسە سیاسییەکان روودەکەنە دادگا بەو شێوەیە نابێت و دادگاکان رووبەڕووی گوشار دەبنەوە، بۆیە باشتر وایە سیاسییەکان بگەنە رێککەوتن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان، نەک چاوەڕێ بن دادگایەک کێشەکانیان بۆ یەکلابکاتەوە."

جێنین پلاسخارت دەڵێت "هەمووتان رۆژی 25ـی شوباتی داهاتوو بچن دەنگ بدەن، دەستکەوتی زۆرتان هەیە و خەریکە لەدەستی دەدەن، بۆیە هەمووتان لە ماڵەکانتان بڕۆنە دەرەوە و دەنگ بدەن، ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم، ئەوەیە کە 
درەنگ خستنی هەڵبژاردەکان خزمەت بە کەس ناکات، حکومەتی کاربەرێکەر ناتوانێت پرسەکان یەکلابکاتەوە."

نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەو بارەیەوە زیاتر دەڵێت "پێشتر هیچ کۆدەنگییەک نەبوو، بۆیە هەڵبژاردنەکان دواخران، پێموایە ئێستا کۆدەنگییەک هەیە، کات رۆڵی خۆی بینی و تێپەڕینی کاتی زیاتر کاریگەریی لەسەر هەمووان هەبووە."