داستانی خاڵەبەگ

داستانی خاڵەبەگ
گوندێک کە بە چەند تەپۆڵکەیەک دەورەدراوە، دەکەوێتە نزیک رێگای سەرەکی کەلار – دەربەندیخان. کاتێک لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دێرین بەرەو گوندەکە دەچوین بۆ تۆمارکردنی چیرۆکی پێش گشتپرسی، بەتاسەوە باسی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوویان دەکرد کە چۆن دەیانجار سەربازەکانی سوپا و بەعسیەکانیان لەو دەڤەرەدا خستبووە کەمینەوە، ئەو سەربازانەی کە تەنانەت رەحماین بە ئاژەڵەکانیش نەدەکرد لە کاتی ئەنفالدا و تەڕ و وشکیان پێکەوە دەسوتاند، بەڵام کاتێک دەکەوتنە بەر ئاگری چەکی پێشمەرگەکان، دەنگی خاتر ئەڵڵایان دەگیشتە ئاسمان و کەندەکانیان پڕ دەکرد.

ساڵی ١٩٧٩ کە هێشتا سوپای عێراق و بەعسییەکان، لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولە رووبەروو بوونەوەی گەورەیان بەخۆیانەوە نەدیبوو، دەکەونە کەمینێکی تۆکمەی پێشمەرگەوە و زیاتر لە پەنجا سەربازیان لێ دەکوژرێت. مام ساڵح ئەو پێشمەرگەیەی کە خۆی سەرپەرشتی مەفرەزەیەکی لەکاتی شەڕەکەدا کردووە دەڵێت: هەتا ئەو ماوەیش پۆستاڵی بەجێماوی سەربازە کوژراوەکان لە شوێنی شەڕکەدا دەبینران.

داستانی خاڵەبەگ دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لە گەرمەسێردا و هێشتا لێرە و لەوێ لەلایەن خەڵک و پێشمەرگە دێرینەکان کە سەر و سیمایان سپی بووە، بۆ نەوەکانی ئێستا دەگێردرێتەوە.