دکتۆرێک: زۆربەی نەشتەرگەرییەکانی بۆ مایەسیری دەکرێن پێویستن نین

25 June 2022
دکتۆرێک: زۆربەی نەشتەرگەرییەکانی بۆ مایەسیری دەکرێن پێویستن نین

رووداو- دکتۆر ئاراس

بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە.. لە بڕگەی یەکەمدا د. قەلەندەر کەسنەزانی، راوێژکاری نەشتەرگەرییەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەر لە بەرنامەکەدا رایگەیاند بەهیچ جۆرێك پێویست بەم هەموو نەشتەرگەرییەی مایەسیری ناکات و رۆژانە ژمارەیەکی ناپێویست نەشتەرگەری مایەسیری ئەنجامدەدرێن، کە بەهیچ جۆرێك پێویست نییە.

د. قەلەندەر کەسنەزانی، راوێژکاری نەشتەرگەرییەکانی هەرس و جگەر دەڵێت ئەنجامدانی ناپێویستی نەشتەرگەریی مایەسیری هۆکاردەبێت بۆ تێكچوونی هاوسەنگی پیساییکردن و رەنگە کەسەکە لەداهاتوو تەنانەت نەتوانێت پیسایی رابگرێت.

بەگوێرەی گوتەکانی راوێژکارەکەی نەشتەرگەرییەکانی هەرس و جگەر، بۆ چارەسەری مایەسیری زۆرجار گۆڕینی شێوازی ژیان هاوکار و چارەسەردەبێت، کەسەکە تەنیا قەبزییەکەی چارەسەربکات گرفتەکەی کەمدەکات و بەرەبەرە نامێنێت.

د. قەلەندەر کەسنەزانی دەشڵێت ئەو کەسانەی لە پیسایی خوێن دەبینن بەهۆی مایەسیری دەبێت چارەسەری پزیشكی وەربگرن و راوێژ بە پزیشكە پسپۆڕەکانیان بکەن پێش ئەوەی گرفتیان بۆ دروستببێت.

لەنێو بەرنامەکەدا دکتۆر قەلەندەر روودەکاتە قوتابییە بەشداربووەکان و پرسیاریان لێدەکات لەبارەی روونی و سادەیی زمانی قسەکردنەکە و هەمووان بەباشی تێگەیشتوون، دەشڵێت زۆر گرنگە هەمووان پەیامەکانیان پێبگات و روونبێت لەلایان کە تەنیا بە یەک بڕیاری پزیشكێك و بەبوونی نیشانەکانی مایەسیری نەشتەرگەری نەکەن.

مۆبایلی خانمان یان پیاوان پیسترە؟

دکتۆر ئاراس لە بڕگەی دووەمدا دەچێتە لای یەکێك لە بینەرە بەشداربووەکانی بەرنامەکە کە خانمێكە و خەریکی سێڵفی گرتنە، مۆبایل و جانتاکەی لێوەردەگرێت، دەیباتە لای ئەو کەسەی کە لە کۆمپانیای پاکژکەرەوە هاتووە و پشكنینی بۆ دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت چەند زیندەوەری وردبینی لەسەرە؟

 

لە بڕگەی دووەمدا د. عوسمان جەمال، پسپۆڕی نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان و زانیار تەحسین، بایۆلۆجیست و شارەزای پاکژکەرەوەکان میوانن و باسی سوودەکانیان دەکەن لە کەمکردنەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان.

 

د. عوسمان جەمال، پسپۆڕی نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان روونیدەکاتەوە ئەو کەسانەی پاکژکەرەوەکان بەشێوەیەکی دروست و باش بەکاردەهێنن، کەمتر تووشی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ڤایرۆس، بەکتریا و کەڕوەکان دەبن.

 

پسپۆڕەکە پشكنینەکەی تەواودەبێت و دوای ئاشکراکردنی ژمارەی بەکتریاکانی سەر مۆبایلی خانمەکە، دکتۆر ئاراس مۆبایلی کوڕێك وەردەگرێت و بەراوردیان دەکات، ئەوە رووندەبێتەوە کە مۆبایلی خانمان یان پیاوان پیسترە، بۆ وەرگرتنی زانیارییەکە و زانینی بەراوردەکە، بینەری بەرنامەکە بن.