خەوتن بە دیار مۆبایلەوە؛ دوورنییە تەمەنی مرۆڤ کورت بکاتەوە

خەوتن بە دیار مۆبایلەوە؛ دوورنییە تەمەنی مرۆڤ کورت بکاتەوە

نوێترین بەرنامەی دکتۆر ئاراس لەبارەی کێشەیەکی باوی نێو خانمان بوو، میزڕانەگرتن، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت ئێستا خانمان شەرم ناکەن و ئەو قۆناخەیان تێپەڕاندووە، گرفتیان هەبێت سەردانیان دەکەن،  پاشانیش باسی ''خوویەکی مەترسیدار'' لەکاتی چوونە سەر جێگەی نووستن باس کرا و میوانێکی بەرنامەکە لەبارەیەوە گوتی، ''بەهۆی ئەو خووەوە مرۆڤ تەمەنی کورتتر دەبێتەوە''.
 
د. جوان موختار، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت ئێستا خانمان دەتوانن سوود لە نوێترین تەکنیکی بۆتۆکس بۆ میزڵدان وەربگرن و گرفتی میزرانەگرتنیان ئاسان ببێت.
 
د. رزگار حامید، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار رایدەگەیێنێت، خەو هاوشێوەی خۆراکی تەندروست گرنگە و بەکارهێنانی مۆبایل و سکڕۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پێش خەوتن، وادەکات تێرخەو نەبیت.
 
بەگوتەی د. رزگار حامید، بەکارهێنانی مۆبایل پێش خەوتن وادەکات کەسەکە هەست بەمانەی خوارەوە بکات کە خەو تێکدەدەن.
 
- زیادبوونی لێدانی دڵ و پەستانی خوێن.
- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە.
- کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی میلاتۆنین کە هۆڕمۆنی خەوە و بە دەردانی زیاتر خەو خۆش دەبێت.
 
تەنانەت ئەوەشی باس کرد کە ئەگەر خەو تێکبچێت و کواڵیتییەکەی کەم بێت، دەشێت مرۆڤ تووشی ئەڵزهایمەر و لاسەرئێشەی درێژخایەن ببێت.
 
د. جوان موختار، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون میوانێکی دیکەی بەرنامەکەیە و دەڵێت: میزڕانەگرتن لەنێو خانمان لەگەڵ زیادبوونی تەمەن زیاتر دەبێت و لە هەموو جیهاندا بڵاوە.
 
د. جوان موختار دەشڵێت: زۆرخواردنەوەی چا، قاوە و خواردنەوە گازییەکان رۆڵی سەرەکییان هەیە لە میزڕانەگرتنی خانمان.